نەتەنیاهوو دەچێتە کۆنگرێسی ئەمریکا و گوتارێک پێشکێش دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ چوارەم جار سەردانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات و گوتارێک پێشکێش دەکات. ئەو دەڵێت، هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی کۆماری و دیموکراتەکان دەدات و چاوی بە بایدن و ترەمپیش دەکەوێت.
 
بڕیارە کاژێر 9:00ـی ئەمشەو بە کاتی هەولێر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرێسی ئەمریکا گوتارێک پێشکێش بکات. ئەمە دەبێتە چوارەم جار، نەتەنیاهوو لە دڵ و ناوەندی بڕیاری ئەمریکا گوتار پێشکێش بکات.
 
چاوەڕوان دەکرێت لەو گوتارەیدا، نەتەنیاهوو، هەوڵی دووبارە بەدەستهێنانەوەی پشتیوانیی کۆنگرێس بۆ ئیسرائیل و جەنگەکەی لە دژی حەماس بداتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمریکا سەرقاڵی گێژاوی سیاسی و هەڵبژاردنە. ترەمپ تەقەی لێکراوە و بایدنیش لە خۆبەربژێرکردن بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی کشاوەتەوە و پشتگیریی بۆ کامالا هاریسی جێگری دەربڕیوە.
 
لە سەرەتای جەنگی غەززە کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی پار هەڵگیرسا، ئەمریکا پشتیوانیی پۆڵایینی خۆی پێشانی ئیسرائیل دا. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد. دوای تێپەڕینی نۆ مانگ، ئەمریکا چەند جارێک رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە و داوای لێکردووە بەرگری لەخۆی بکات، بەڵام سڤیلەکانی غەززەش بپارێزێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرئێشەیەکی دیکەی نەتەنیاهوو، خۆپیشاندانی بەردەوامی خێزانی ئەو بارمتانەیە کە هێشتا لەلای بزووتنەوەی حەماسن و نۆ مانگە هەواڵیان نییە.
 
رۆژی 07-10-2023، بزووتنەوەی حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت. ئیسرائیل دەڵێت، ئێستا 116 بارمتە لە غەززە ماون و لەو ژمارەیە 44 کەس کوژراون. 
 
پێش ئەو سەردانە، رۆژی دووشەممە نەتەنیاهوو رایگەیاند، لە گوتارەکەیدا هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیریی هەردوو پارتەکەی ئەمریکا، کۆماری و دیموکراتەکان دەدات، چونکە "پشتگیریی ئەوان بۆ ئیسرائیل زۆر گرنگە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها گوتی "بە هاوڕێکانم لە هەردوو پارتەکەی ئەمریکا رادەگەیێنم، گرنگ نییە گەلی ئەمریکا کێ وەک سەرۆکی داهاتووی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک هاوپەیمانێکی بەهێز و گرنگی ئەمریکا دەمێنێتەوە."
 
نەتەنیاهوو بەو گوتارەی دەبێتە یەکەمین سەرۆکی بیانی لە مێژوودا کە چوار جار لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرا و پیران لە کۆنگرێس قسەبکات. وینستن چێرچڵ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا سێ جار قسەی بۆ کۆنگرێس کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 23ـی تەممووز، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی "ئیسرائیل لەلایەن چەندین گرووپی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە هێرشی لەسەرە، ئێستا لە هەموو کاتێک گرنگترە لەگەڵ نزیکترین هاوپەیمانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شانبەشان بوەستین."
 
دواتر، رۆژی پێنجشەممە نەتەنیاهوو لە کۆشکی سپی چاوی بە بایدن و کامالا هاریس دەکەوێت و کۆدەبنەوە. بەگوێرەی دەستوور؛ کامالا هاریس سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە و دەبێت لە گوتارەکەی نەتەنیاهوو ئامادە بێت، بەڵام بەهۆی گەشتێکەوە ناتوانێت لەوێ بێت. 
 
رۆژی هەینی 26-07-2024، نەتەنیاهوو دەچێتە ویلایەتی فلۆریدا و لەوێ چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری فەرمیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمریکا دەکەوێت.
 
'پێشوازیی لێمەکەن'
 
بەهۆی هێرشە بەردەوام و بۆردوومانە چڕەکانی سەر غەززە، کە لەو نۆ مانگە زیاتر لە 39 هەزار کەس لەو کەرتە کوژراون؛ ئیسرائیل رەخنەی زۆری هاتە سەر.
 
رۆژی سێشەممە، بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆ بڵاویکردەوە "نابێت لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشوازی لە نەتەنیاهوو بکرێت. بە پێچەوانەوە، سیاسەتی ئەو لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا، هەروەها رەتکردنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، پێویستە سەرکۆنە بکرێت. بانگهێشتکردنی نەتەنیاهوو بۆ کۆنگرێس شەرمەزارییە و ئەو تاوانبارە."
 
ساندەرز راشیگەیاند، ئەو بەشداری لەو دانیشتنەی کۆنگرێسدا ناکات.
 
دیک دێربن؛ رێکخەری زۆرینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران کە دووەم کەسی دیموکراتەکانە لەو ئەنجوومەنە رایگەیاند "بەشداریی ناکەم. شانبەشانی ئیسرائیل دەوەستم، بەڵام پشتگیریی لە سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیل ناکەم."
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، 80 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارتی دیموکرات و 6 سیناتۆری ئەو پارتە لەو دانیشتنەی نەتەنیاهوو ئامادە نابن.
 
وەک ناڕەزایەتییەک بۆ ئەو گوتارەی نەتەنیاهوو، رۆژی سێشەممە 200 کەس لە ئەمریکا لە بەردەم باڵاخانەی کۆنگرێس کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان کرد. پۆلیس رایگەیاند، بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردووە و چەند کەسێکیشیان دەستگیر کردووە.
 
کۆنگرێسی ئەمریکا تەمەنی 235 ساڵە و لە 535 کورسی پێکدێت. کورسییەکان بەسەر دوو ئەنجوومەندا دابەش دەبن. 100 کورسی بۆ ئەنجوومەنی پیران (سینات) و 435 کورسیش بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران. لە کۆنگرێس کۆمارییەکان خاوەن 269 کورسی و دیموکراتەکانیش خاوەن 260 کورسین، چوار کورسیش بۆ سەربەخۆکانە.