بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی حیزبوڵڵای لوبنانی ئەڵمانیا گرووپێکی ئیسلامی قەدەخە دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەڵمانیا رایدەگەیێنن، "نێوەندی ئیسلامی هامبۆرگ"یان قەدەخە کردووە، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی پاڵپشتیی لە حیزبوڵڵای لوبنانی کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 24ی تەممووزی 2024، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، "نێوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ و رێکخراوەکانی سەر بەو نێوەندە لە تەواوی ئەڵمانیا قەدەخە کراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دامەزراوە ئیسلامییە تووندئاژۆکە کار بۆ ئامانجی دژ بە دەستوور دەکات."
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕان و لێکۆڵینەوە لە 53 بارەگای سەر بە گرووپەکە دەستیپێکردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەشڵێت، "نێوەندی ئیسلامی هامبۆرگ پەرە بە بیری ئیسلامیی تووندئاژۆیی و بیروڕای دیکتاتۆری دەدات لە ئەڵمانیا، هەروەها پاڵپشتی لە تیرۆریستانی حیزبوڵڵا دەکات."
 
نێوەندەکە، کە سەرپەرشتیی مزگەوتەکانی شاری هامبۆرگ دەکات، نۆ مانگە خراوەتە ژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیا.
 
دوای قەدەخەکردنی نێوەندە ئیسلامییەکە، چوار مزگەوتی شیعەکان لە ئەڵمانیا دادەخرێن و سامانی نێوەندە ئیسلامییەکەش دەستی بەسەردا دەگیرێت.
 
رۆژی 15ی ئەم مانگە، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، پیاوێکی لوبنانییان بە تۆمەتی کڕینی پارچەی درۆن بۆ حیزبوڵڵا دەستگیر کردووە.
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردبوو، پیاوە دەستگیرکراوەکە "تۆمەتی کڕینی بزوێنەری درۆنی لەسەر بووە، کە گومان دەکرێت بۆ لوبنان ناردبێتی و لە هێرشی سەر ئیسرائیل بەکارهاتبێت".
 
ئەڵمانیا حیزبوڵڵا وەکو "رێکخراوێکی تیرۆریستی شیعە" دەناسێنێت و لە ساڵی 2020ـیشەوە چالاکییەکانی گرووپەکەی لەنێو ئەڵمانیا قەدەخە کردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە