ترەمپ نامەیەکی مەحموود عەباس بڵاودەکاتەوە و دەڵێ 'هەموو شت باش دەبێت'


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، میوانداریی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات. ترەمپ رایگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیە هەوڵێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە دوای جەنگی غەززە. 
 
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس"، رایگەیاند، ئەو چاوی لەوەیە پێشوازی لە "بیبی" بکات، کە ناسناوی  نەتەنیاهوویە و زۆربەی کات سەرکردەکانی ئەمریکا بەو ناوە، ئاماژە بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن.   
 
کۆبوونەوەکە لە کۆشکی مار ئا لاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا دەبێت. 
 
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دوو کەسە دەبێت لەدوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ، کە لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکی پتەویان هەبوو، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیان، لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ساردترن کاتیدایە بەهۆی جەنگی غەززە و هەروەها گرژییەکانی نێوان نەتەنیاهوو و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کە بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی ئەو جەنگەوە هەیە. 
 
لەگەڵ راگەیاندنی میواندارییەکەی نەتەنیاهوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ترەمپ نامەیەکی فەرمیی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی بڵاوکردەوە کە رێککەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژێک لەدوای هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ و لە نامەکەدا، عەباس هیوای "سەلامەتی و بەهێزی" بۆ ترەمپ دەخوازێت.
 
هەر لە هەمان پۆستدا، ترەمپ نووسیوویەتی ئەو چاوی لەوەیە لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆببێتەوە و پێکەوە کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ترەمپ لەسەر نامەکەی نووسیوە، "مەحموود، زۆر جوانە. سوپاس، هەموو شتێک باش دەبێت. بەختێکی باش."
 
بڕیارە شەوی چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بچێتە کۆنگرێسی ئەمریکا و بۆ چوارەم جار گوتارێک پێشکێش بکات کە بەوەش دەبێتەوە یەکەم سەرکردەی بیانی چوار جار لە کۆنگرێس گوتار بدات. دواتر رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی نەتەنیاهوو لەگەڵ هەریەک لە بایدن و کامالا هاریسی جێگری کۆببێتەوە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت لەو گوتارەیدا، نەتەنیاهوو، هەوڵی دووبارە بەدەستهێنانەوەی پشتیوانی کۆنگرێس بۆ ئیسرائیل و جەنگەکەی لە دژی حەماس بداتەوە.