ئەوروپییەکان لەڕێگەی کۆنفرانسی رۆما هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردە و بڕیاربەدەستانی 20 وڵاتی ئەوروپی، ئەفریقی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆبوونەتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر پلانێکی هاوبەش و درێژخایەن بۆ قەیرانی کۆچبەران.
رێکخەری کۆنفرانسەکە کە تاوەکو ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-7-2023) بەردەوام دەبێت، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیایە. ئەو، پێیوایە وڵاتانی رۆژئاوا هۆکاری سەرەکیی گەورەبوونی قەیرانی کۆچبەرانن.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێ "هەمیشە وابینراوە رۆژئاوا زیاتر گرنگی بەوە دەدات وانە بدات نەک دەستی هاوکاریی درێژ بکات، ئەمەش پێدەچێت وایکردبێت کە ئەو پرسە پێشڤەچوون بەخۆیەوە نەبینێت. زۆربەی کات ئێمە پرسی کۆچبەرانمان وەکو کێشەیەکی رکابەرایەتی تەماشا کردووە، ئەو وڵاتانەی کۆچبەرانی لێوە دێن لەلایەک و وڵاتانی ئەو کۆچبەرانە بۆی دەچن لەلایەکی دیکە، بەڵام کۆچبەریی زیان بە هەمووان دەگەیەنێت."
هەفتەی رابردوو، یەکێتیی ئەوروپا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ تونس واژۆ کرد، بەگوێرەی ئەو یاداشتنامەیە، ئەوروپا 117 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری بۆ توونس دابین دەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی شەپۆلی کۆچبەران لەو وڵاتەوە بۆ ئەوروپا و بەتایبەتیش ئیتاڵیا، لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچیێتی.
یەکێتیی ئەوروپا بەنیازە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەمان یاداشت لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی میسر و مەغریب واژۆ بکات.
قەیس سعەید، سەرۆککۆمار تونس دەڵێ "ئێمە، دەبێت لەسەر ئەم مێزە پێکەوە گفتوگۆ بکەین و بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێن و باس لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە بکەین، چونکە ئەمە چیدیکە پرسێک نییە تەنیا بە وڵاتێک چارەسەر بکرێت. یانیش لەرێگەی رێککەوتنی دوو وڵاتەوە بێت."
ئیتاڵیا بە سەنگەری پێشەوەی قەیرانی کۆچبەرانی کیشوەری ئەوروپا دەبینرێت. بەگوێرەی ئاماری حکومەتی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، نزیکەی 80 هەزار کۆچبەر لەڕێگەی دەریاوە روویان لەو وڵاتە کردووە، کە ئەمەش بەراورد بە حەوت مانگی یەکەمی پار، سێ هێندە زیادیکردووە.
ئەمانە لەکاتێکدان نەتەوە یەکگرتووەکانی دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا، کە زۆرینەیان بۆ ئیتاڵیا بووە.