لە رۆژی جیهانیی ئافرەتی دیپلۆماتکاردا سێ ئافرەتی کورد باسی ئاڵنگارییەکانی نێو سیاسەت دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

سێ ئافرەتی سیاسەتڤانی سێ پارچەی جیاوازی کوردستان، باس لەو ئاڵنگاری و کێشانە دەکەن کە هەمیشە رووبەڕوویان دەبنەوە لەکاتی ئەرکەکانیان کە زۆربەی کات بە بازنەیەکی پیاوانە ناسراوە. رایدەگەیێنن، گومان لە تواناکانیان هەمیشە وای لێکردوون سووربن لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەن تاوەکو ببنە دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو. 
 
رۆژی دووشەممە، پەیمانگەی کوردی بۆ ئاشتی کە پەیمانگەیەکی سەربەخۆیە و تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بنکەی سەرەکی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە، لە رۆژی جیهانیی ئافرەتانی دیپلۆماتکار، وێبینارێکی تایبەت بە دیپلۆماتکاری ژنی کورد رێکخست، بە بەشداری هەریەک لە تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، سینەم محەممەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە ئەمریکا و جەیلان ئەکچا، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە تورکیا.  
 
تریفە عەزیز، لەبارەی دەرفەتی کاری سیاسی و بوون بە دیپلۆماتکار رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندە بەوەی ژنان هان بدات و کارئاسانی بکات بۆ هاتنە نێو کایەی سیاسیەتەوە. هەروەها ئاماژە بە سیستمی کۆتای پەرلەمانی کوردستان دەکات کە دەبێت لەسەدا 30 ئەندامەکانی ئافرەت بن و دوا سەرۆکی پەرلەمانی ئافرەت بووە. 
 
دواتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا باسی ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئافرەتانی لەنێو بازنەی سیاسەتدا کرد و گوتی: "لە هەموو جیهاندا، هەمیشە گومان لە تواناکانی ئافرەتان دەکرێت و بەداخەوە هەمیشە نیشانەی پرسیار لەسەر تواناکانی هەیە، بەڵام دەبێت کەسێکی بەهێز بیت، تاوەکو بتوانیت، بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەدا زاڵ بیت."  
 
تریفە عەزیز گوتی: "بەداخەوە راستییە تاڵەکە ئەوەیە، زیاتر لەنێو کۆمەڵگەی خۆمان رووبەڕووی گومانەکان دەبینەوە. بۆیە هەمیشە گرنگە کە بۆ خەڵکەکەی خۆت و کۆمەڵگەکەت بسەلمێنیت، تۆش بەهەمان شێوەی پیاوەکان توانات هەیە، ئەرکەکان بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەبەیت، هەرچەندە ئەرکێکی زەحمەتە بەڵام دەبێت بتوانیت بەسەریدا زاڵ بیت." 
 
لە 76مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەساڵی 2022، وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا رۆژی 24ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بکەنە رۆژی جیهانی دیپلۆماسیەتی ئافرەتان تاوەکو رۆڵی ئافرەتان لە پرسە سیاسییەکان و داڕشتنەوەی ئەجێنداکان بەرز رابگرن.
 
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیاتر هاندان و رێخۆشکردن تاوەکو ئافرەتی زیاتر تێکەڵاوی سیاسەت و دیپلۆماسییەت ببن، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 2023دا، تەنیا لەسەدا 20ی باڵیۆزەکان لە جیهاندا، ئافرەت بوون. 
 
دواتر جەیلان ئەکچا، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی، باسی لەو ئاڵنگارییانە کرد کە وەکو دیپلۆماتکارێکی ئافرەت لە باکووری کوردستان و تورکیا دێتە پێشی و گوتی "ئافرەتی کورد هەمیشە رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیاواز دەکرێتەوە، هەمیشە پیاوانیش گومان لە تواناکانمان دەکەن. بەڵام وەکو بەشێک لە بزووتنەوەی ئافرەتانی کورد، ئەو ئاڵنگارییانە وات لێدەکات سوور بیت لەسەر ئەوەی هەوڵبدەیت بەسەر ئاستەنگیییەکاندا زاڵ بیت." 
 
بەگوێرەی رێکخراوی ئەمریکی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە (CFR)، لەساڵی 1992وە بۆ 2019، تەنیا لەسەدا 13ی ئافرەت بەشداربوون لە دانووستانەکانی جیهان و تەنیا لەسەدا شەشیان وەکو شاندی نێوەندگیر رۆڵیان هەبووە و لەسەدا شەشی ئافرەتان بەشداربوون لە رێککەوتنەکانی تایبەت بە ئاشتی جیهان. 
 
سینەم محەممەد، لەبارەی رۆڵی ژنان لە پێشخستنی پرسی سیاسەتی لە رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر گوتی: "ئێمە هەوڵمانداوە ئافرەت دەنگێکی بەهێز بێت لە پرۆسەی سیاسەتی رۆژئاوا. هەروەها لە هەموو دەستە و دامودەزگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەوڵدراوە لەسەدا 40ی ئافرەتان بن. لەگەڵ ئەوەش ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، سیستمی هاوسەرۆک پەیڕەو دەکەین و لەهەموو دەزگایەکی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا، هاوسەرۆکێکی ئافرەت شان بە شانی هاوسەرۆکێکی پیاو هەیە، دەبینن ئەمەش ئەو سیستمەیە کە چۆن دەمانەوێت رۆڵی ئافرەت فراوانتر و بەهێزتر بکەین لە ناوچەکە و ئێستاش ئافرەتان رۆڵێکی کاریگەر و گرنگیان هەیە لە داڕشتنی داهاتوو ناوچەکە."