یەکێتیی ئەورووپا بە پارەی رووسیا هاوکاریی ئۆکراینا دەکات

24-06-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی ئەورووپا بە نیازە  بە پارەی سوودی پارە بلۆککراوەکانی رووسیا لە بەلجیکا، باز بەسەر " ڤیتۆ"ی هەنگاریای ئەندامی یەکێتیی ئەورووپادا بدات و هاوکاریی ئۆکراینا بکات.
 
زیاتر لە ساڵێكە هەنگاریا بڕیارێکی خەرجکردنی بڕە پارەیەکی یەکێتیی ئەورووپای " ڤیتۆ" کردووە کە یەکێتییەکە لە چوارچێوەی یاسای ناسراو بە " هاوپێچی ئەورووپا بۆ ئاشتی"، بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا، تەرخانی کردووە.
 
بە گوێرەی پەیڕەوی نێوخۆیی، بڕیار لەسەر پرسە گرنگە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، پێویستی بە کۆدەنگی 27 وڵاتی ئەندامە.
 
ڤیتۆی یەک ساڵەی هەنگاریا لەسەر ئەو بڕیارە، وایکردووە لە بانکەکانی یەکێتییەکە زیاتر لە 6.6 ملیار یۆرۆ (7 ملیار دۆلار) کۆببێتەوە، بەڵام بەبێ رەزامەندی هەموو وڵاتان، ناتوانرێت خەرج بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 24-6-2024 لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە بروکسل و بە مەبەستی بازدان بەسەر "ڤیتۆ"کەی هەنگاریا، بڕیاردرا بە خەرجکردنی 1.5 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی رووسیا لە بانکەکانی بەلجیکا.
 
رووسیا نزیکەی 300 ملیار دۆلار، پارەی لە بانکەکانی رۆژئاوا هەیە، 70٪ی  لە بانکەکانی بەلجیکایە. 
 
لە ئاداری ئەم ساڵ یەکێتیی ئەورووپا و پاشان مانگی ئایار-یش گرووپی جی 7 (کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکانی جیهان) بڕیاریاندا دەست بەسەر سوودی پارەکانی رووسیادا بگرن و خەرجی هاوکاریی سەربازی و بنیاتنانەوەی ئۆکراینای پێبکەن؛ لەسەر بنەمای ئەوەی "رووسیا دەستپێشخەری شەڕی ئۆکراینا بووە و دەبێت ئەویش قەرەبووی ئۆکراینا بکاتەوە"، پاساوەکە بۆ کرێملن، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رەتکراوەیە و لە 22ی ئایاردا دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن گوتی: "ئەوەی کە رۆژئاوا دەیکات دزییەکی تەواوە".
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: "ئێمە لە ئاداری رابردوودا بڕیارماندا بە بەکارهێنانی سوودی پارە سڕکراوەکانی رووسیا بۆ  هاوکاریکردنی ئۆکراینا و جارێکی دیکە دانانیشم بۆ چاوخشاندنەوە و بڕیاردانەوە لەسەر هەمان بابەت، بەڵکو دەستبەجێ دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت".
 
گوتیشی: "ئۆکراینا پێویستی بە هاوکاریی زیاترە، ئێستا و بەبێ هیچ دواکەوتنێك دەبێت ئەو هاوکارییانە بگەیێندرێنە کیێڤ".
 
پەلەکردنی بروکسل و واشنتن لە گەیاندنی هاوکارییەکان بە ئۆکراینا، بەهۆی هێرشی فراوانی رووسیایە بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کە لە 10ی ئایار بۆ سەر خارکیڤ و هەرێمی دۆنێتسک ئەنجامیداوە و بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا " زیاتر لە 50 گوند"یان لە دەستی سوپای ئۆکراینا دەرهێناوە و کۆنترۆڵیان کردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.