بەڕێوەبردنی رێگەوبان و ئاوی رۆژئاوای هۆڵەندا دەدرێتە کوردێک

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە مانگی ئابی ئەمساڵ کوردێکی باشووری کوردستان کە لە هۆڵەندا نیشتەجێیە، پۆستی سەرۆکی دەزگای رێگەوبان و ئاو لە ناوچەی رۆژئاوای هۆڵەندا لە وەزارەتی ژێرخان، ژینگە و ئاوی ئەو وڵاتە وەربگرێت.
 
گۆهدار فەتحی مەعسوم، کە بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە رۆژی 15ی ئاب ئەم پۆستە وەربگرێت. بە گوتەی خۆی دەبێتە یەکەم کەسی بیانی لە مێژووی هۆڵەندا ئەم پۆستە وەربگرێت. دەشڵێت، "ئامادەم پێشوازی لە ئەندازیارانی کوردستان بکەم بۆ ئاشناییان بەسیستمی ئاو لە هۆڵەندا".
 
وەزارەتی ژێرخان، ژینگە و ئاوی هۆڵەندا، وڵاتەکەی بەسەر حەوت ناوچە دابەش کردووە، ئەرکەکەی نۆژەنکردنەوە و رێکخستنی رێگە خێراکان و رێڕەوە ئاوییە نیشتمانییەکانە وەک پرد و تونێل، فڕۆکەخانە و رێگە وشکانییەکان. 
 
ئەم پۆستە بۆچی لە هۆڵەندا گرنگە؟ گۆهدار دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی کە شاری ئەمستردام 5-6 مەتر لە ئاست دەریا نزمترە. بۆیە لەم شارە گەورەترین تۆڕباینی ئاو لە سەرانسەری ئەورووپا هەیە بۆ وەدەرنانی ئاوی باران و رێگەگرتن لە دروستبوونی لافاو، لای هۆڵەندییەکان پرسی رێگەوبان و ئاو زۆر گرنگە".
 
ئەو ئەندازیارە کوردە دەڵێت، "جێگەی دڵخۆشییە کە ئەم پۆستە وەردەگرم. ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریم رۆژانە خەڵکی تایبەتمەند دەبینم بۆ ئەوەی ئاشنایەتییان لەگەڵدا دروست بکەم تاوەکو ئەرکی خۆم بەباشی بەڕێ بکەم". 
 
گوهدار ئێستا  جێگری بەڕێوەبەرە لە شارەوانی ئەمستردام، پێشتریش بەڕێوەبەری پڕۆژە بووە لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ناوچەی باشووری هۆڵەندا، بۆیە لای هۆڵەندییەکان جێگەی سەرنج بووە، چونکە بەگوتەی خۆی لەم وڵاتە هیچ کاتێک پارەی سۆشیالی وەرنەگرتووە و تەنیا پشتی بە داهاتی کاری خۆی بەستووە. 
 
ئەو پەنابەرە کوردە 8 ساڵ ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی باکووری هۆڵەندا بووە. لە ساڵەکانی 2007 تاوەکو 2015.
 
گۆهدار فەتحی مەعسوم ساڵی 1962 لە هەولێر لەدایکبووە. بەهۆی چالاکی سیاسی، خێزانەکەی دووردەخرێنەوە بۆ پارێزگای بابل لە ناوەڕاستی عێراق. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی بابل تەواو دەکات. قۆناخی ئامادەیی لە هەولێر تەواو دەکات، لە ساڵی 1980 لە کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت، بەڵام لە ساڵی 1981 زانکۆی سلێمانی دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر. 
 
لەدوای خۆپێشاندانی قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین لە 2-5-1982، گۆهدار فەتحی مەعسوم بەفەرمانێکی سەرۆکایەتیی ئەوکاتی کۆمار لەگەڵ کۆمەڵێک قوتابی دەگوازرێتەوە بۆ زانکۆی بەسرە. 
 
ئەو ئەندازیارە کوردە لە دوای راپەڕین دوو ساڵ لە وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان کاری کردووە. ساڵی 1993 بۆ چارەسەر دەچێتە هۆڵەندا، لەوێ دیسان کۆلێژی ئەندازیاری دەخوێنێت. لە ساڵی 1994ـەوە لە هۆڵەندا دەستی بەکار کردووە و پارەی سۆشیالی رەتکردووەتەوە.