ئەردۆغان بۆ پووتین: پاڵپشتیت دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەبارەی شەڕی نێوان گرووپی ڤاگنەر و سوپای رووسیا کرد. ئەردۆغان پاڵپشتی خۆی بۆ پووتین دەربڕی.
ئەوەش دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە، 24-6-2023، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی رێکخراوی ڤاگنەر رایگەیاند، سەرۆکایەتیی سوپای رووسیایان لە هەرێمی رۆستۆڤ "بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک کۆنترۆڵکردووە". سەرلەبەیانیی هەمان رۆژ هێزەکانی گرووپی ڤاگنەر چوونە نێو شارەکە و دوو بنکەی سەربازی و فڕۆکەخانەیەکی جەنگییان کۆنترۆڵکرد.
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، هێزەکانی ڤاگنەر ئێستا لە رێگەی ئەوتۆبانی M-4 کە هەرێمی رۆستۆڤ بە مۆسکۆ دەگەیێنێت، هەوڵی گەیشتن بە مۆسکۆ دەدەن.
پریگۆژین لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تەلەگرام دەڵێت، "بۆچی خەڵکی ئەم وڵاتە پاڵپشتیمان دەکەن؟ چونکە دەزانن ئێمە شەڕ بۆ دادپەروەری دەکەین."
بە گوێرەی گوتەکانی پریگۆژین بێت، ئەم هەوڵەی پریگۆژین بۆ کودەتای سەربازی نییە، بەڵکو بۆ گۆڕینی سەرکردایەتیی وەزارەتی بەرگریی رووسیایە. پریگۆژین، لەماوەی رابردوودا سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتەی بە "ترسنۆک، گەندەڵ، خیانەتکار، ناپاک و درۆزن" ناوبردووە.
هەر ئەمڕۆش دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هێرشەکەی پریگۆژینی بە "خیانەت و ناپاکی" ناوبرد. پریگۆژین وەڵامی دایەوە و گوتی: پووتین "بە هەڵەداچووە".