هاوپەیمانەکەی دوێنێی پووتین هەڵگەڕاوەتەوە و هەڕەشە دەکات؛ کاردانەوەی پووتین چییە؟

24-06-2023
لهۆن نەسرەدین
ژمارەیەک چەکداری گرووپی ڤاگنەر
ژمارەیەک چەکداری گرووپی ڤاگنەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانەکەی دوێنێی پووتین بۆ دوژمنی ئەمڕۆ گۆڕدرا. یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر یاخی بووە و دژی سوپای رووسیا وەستاوەتەوە. ئەو کەسەی کە بە هاوڕێی نزیکی پووتین دادەنرا، ئێستا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر مۆسکۆ دەکات.

لە نوێترین گرتەی ڤیدیۆییدا، پریگۆژین دەڵێت، هێزەکانی ڤاگنەر کە لە هەرێمی دۆنێتسک بوون و دژی سوپای ئۆکراینا شەڕیان دەکرد؛ ئێستا گەڕاونەتەوە نێو خاکی رووسیا و داواکارییان هەیە بۆ وەستاندنی جموجووڵە سەربازییەکەیان.
 
یەڤگینی پریکۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر گوتی، "بارەگای سەربازی سەرەکی رۆستۆڤمان کۆنترۆڵکردووە. ئێمە بە دوای سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری و سەرۆکئەرکانی رووسیاوەین. تاوەکو ئەوان لە دەسەڵات بن، ئێمە ئەم شوێنە چۆڵ ناکەین، تەنانەت بەرەو مۆسکۆش بەڕێ دەکەوین".
 
شاری رۆستۆڤ دەکەوێتە باشووری رووسیا؛ هێزەکانی ڤاگنەر لە هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکرایناوە 106 کیلۆمەتریان بڕیوە و گەیشتوونەتە شارەکە؛ لەوێوە بۆ مۆسکۆ نزیکەی 1000 کیلۆمەترە.
 
پریکۆژین دەڵێت، 25 هەزار چەکدار بە نوێترین چەک لە تۆپ و تانکی زیرەک لە ژێر دەستیدان و چاوەڕێی ئاماژەیەکی ئەون. پریکۆژین سوپای رووسیا بە هێرشکردنە سەر گرووپی ڤاگنەر تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئامانجیان کۆتایی پێهێنانیانە. سوپای رووسیاش رەتیکردەوە و داوای لە ئەندامانی گرووپەکە کرد چەکەکانیان دانێن.
 
سێرگی سورۆڤیکین، فەرماندەی هێزەکانی رووسیا دەڵێت، "داواتان لێ دەکەم بووەستن. دوژمنەکانمان چاوەڕێی تێکچوونی دۆخی وڵاتمانە؛ نابێت ئێوە بە سوودی دوژمنانی رووسیا مامەڵە بکەن. بەر لەوەی درەنگ بێت، پێویستە واز لەو کارەتان بهێنن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە ژێر چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی رووسیای فیدراڵ، کۆتایی بەو کێشەیە بهێنرێت".
 
کریملن جووڵەکەی سەرۆکی ڤاگنەر بە هەوڵدان بۆ "کودەتای سەربازی" ناوبرد و وەزارەتی ناوخۆی رووسیا فەرمانی دەستگیرکردنی پریکۆژینی دەرکرد. پاشان سەرۆکی رووسیا گوتارێکی پێشکێش کرد و هەڕەشەی توندی کردە سەر ڤاگنەر.
 
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "گرووپی ڤاگنەر کە رۆژانێك شان بە شانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا شەڕی دەکرد، ئێستا یاخی بووە و خەنجەریان لە پشتی ئێمە داوە و ئێمە بە تووندی رووبەڕوویان دەبینەوە و بە سزای خۆیانیان دەگەێنین".
 
رەگوڕیشەی ناکۆکیی پریکۆژین لەگەڵ شۆیگۆ، وەزیری بەرگری بۆ نزیکەی 11 مانگی رابردوو دەگەڕێتەوە، ئەو دەمەی کە گرووپی ڤاگنەر کە بە پارە شەڕ دەکەن، لە رێگەی واژۆکردنی گرێبەستێك لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی رووسیا، راستەوخۆ بەشدارییان لە شەڕی کۆنترۆڵکردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کرد.
 
پریکۆژین وەزارەتی بەرگریی رووسیای بە رێگریکردن لە گەیشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە چەکدارەکانی تۆمەتبار دەکرد.
 
یەڤگینی پریکۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر باسی لەوە کرد، "هەندێک کەس هەن دەتوانیت بە بێ رەوشترین کەسانی ئەم جیهانە ناویان بنێیت، من لێرە پێیان دەڵێم، شۆیگۆ، وەزیری بەرگری کورتهێنانی چەکمان گەیشتووەتە 70٪، لە کوێیت هەی بێ رەوشت".
 
گرووپی ڤاگنەر بە یەكێک لە گرووپە چەکدارە خاوەن ئەزموون و بەهێزەکانی جیهان دادەنرێت؛ دەگوترێت نوێترین چەکیان لە دەستە و لە رووی تاکتیکی شەڕیشەوە هەندێ جار پێش سوپای رووسیاش دەکەون؛ هەرچەندە هێشتا زووە بزانرێت چارەنووسی ئەم جووڵەیە بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام بە دڵنیاییەوە وا لە پووتین دەکات بە وردی چاوێک بە حیسابە سەربازییەکانی بخشێنێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.