ڤاگنەر: بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، دەگەڕێینەوە سەنگەرەکانمان

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی ڤاگنەر بڕیاریدا جووڵەی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بوەستێنێت و بیانگەڕێنێتەوە بۆ سەنگەرەکان. 
 
یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپە سەربازییە رووسییە تایبەتەکە لە پەیامێکی دەنگیدا دەڵێت: "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە پێگەکانیان."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرۆکایەتیی بێلارووس لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ڤانگەردا کردووە و پێشنیاری بۆ کردووە، لە "بەرامبەر گەرەنتیی پاراستنی گیانی چەکدارەکانی، شەڕ بوەستێنێت."
 
سەرۆکایەتیی بێلارووس باسی لەوە کردبوو، پریگۆژین بە پێشنیارەکە رازیبووە و بڕیاریداوە پاشەکشە بە هێزەکانی بکات. 
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی بێلارووسدا هاتووە: "یەڤگینی پریگۆژین بە پێشنیارەکەی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووس رازیبوو بۆ ئەوەی جووڵەی چەکدارانی ڤاگنەر بوەستێنێت و رێوشوێن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بگرێتەبەر."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆی لوکاشینکۆ لەگەڵ پریگۆژین، بە هاوئاهەنگیی و رەزامەندیی ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بووە.