جیهان
منداڵێک لەکاتی یاریکردن لە نێو ئەکواپارکێکی شاری مارسێی فەرەنسا لە 13ـی تەممووزی 2017، وێنە: MAXPPP
رووداو دیجیتاڵ
لەوەتەی ساڵی 2014ـەوە، لەنێوان 30 بۆ 35 هەزار کەس لە هاویندا لە فەرەنسا بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرما گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی، 23ـی حوزەیرانی 2023، ئاژانسی تەندروستی گشتیی نەتەوەیی فەرەنسا رایگەیاند "لە 2014ـەوە، لە فەرەنسا 30 بۆ 35 هەزار کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما گیانیان لەدەستداوە و بەشێکی زۆریشیان تەمەنیان نەگەیشتووەتە 75 ساڵ"، واتا پیر نەبوون.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەکو کێشەی پەیوەست بە خوێن، سیستەمی هەناسەدان و شەکرە.
بەهۆی ئەو کاریگەرییانەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیەتی، گیانلەدەستدان لە فەرەنسا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2022، 29 هەزار و 975 تاوەکو 34 هەزار و 612 کەس بووە، تەنها لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار کەس بەهۆی سێ شەپۆلی جیاوازی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
تەندروستیی گشتیی فەرەنسا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکیدا ئاشکرای کردووە، "بەشێکی گەورەی ئەوانەی بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرماوە لە فەرەنسا گیانیان لەدەستداوە کە یەک لەسەر سێیانن، تەمەنیان لە خوار 75 ساڵەوە بووە".
بەگوێرەی زایارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، کە بارەگاکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە و لەگەڵ وڵاتان بۆ دیاریکردنی سیاسەتی وزە کاردەکات، "لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2022، رێژەی ناوەندیی پلەی گەرما لە فەرەنسا، 0.8 پلەی سیلیزی زیادیکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ