یەکێتیی ئەوروپا گوشار لە تویتەر دەکات چاودێری لەسەر تویتەکان تووندتر بکات
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی ئۆفیسی سەرەکیی تویتەریان لە شاری سانفرانسیسکۆی ئەمریکا کرد، ئەوان دەیانەوێت گوشار بخەنە سەر خاوەن و بەرپرسانی تویتەر بۆ ئەوەی یاسا و رێنماییە نوێیەکانی ئەوروپا جێبەجێ بکەن، چاودێریی لەسەر پۆستەکانی تویتەر تووند بکەن.
تێیر برێتن، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری بازاڕی ئینتەرنێت دەڵێت، "پلاتفۆڕمە گەورەکان کە ئێمە بە پلاتفۆڕمی سیستماتیکی ناویان دەبەین، دەبێت ئەو یاسایانە جێبەجێ بکەن و رۆڵی من و تیمەکەشم ئەوەیە کە سەردانی تویتەر بکەم و بۆ ئەم کۆمپانیایانەی شی بکەمەوە چۆن خۆیان بۆ ئەو یاسایانە ئامادە بکەن، کۆمێنتی رقوکینە و پاراستنی منداڵانمان و پۆستەکانی پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکەن، چەندین کاری دیکە لەسەر تۆڕەکان دەیانبینین، لەدوای جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە چیدیکە بڵاوناکرێنەوە".
بۆ چاودێریکردنێکی وردتری ئەو پۆستانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، یەکێتیی ئەوروپا یاسایەکی پەسند کردووە و بڕیارە چەند رێنوێنییەکی نوێ لەو یاسایە لە 25ی ئابی ئەمساڵ بچنە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەوروپییەکان هۆشدارییان داوەتە مەسک ئەگەر تویتەر رێنوێنییەکان جێبەجێ نەکات، رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە، بەڵام خاوەنی تویتەر بۆچوونێکی جیاوازی لەگەڵ ئەوروپییەکان هەیە.
ئیلۆن مەسک، خاوەنی تویتەر گوتی، "پێموابێت دەبێ ئێمە رێگە بە خەڵک بدەین بۆچوونی خۆیان لە تویتەر دەرببڕن. راستییەکەی ئەگەر دەتەوێت بڵێین ئازادیی رادەربڕین گرنگە، بەڵێ ئازادیی رادەربڕین گرنگە و ئەوەش بە گرنگی دەمێنێتەوە ئەگەر رێگە بدرێت خەڵک ئەو قسانە بکات کە تۆ حەزی پێناکەیت، ئەگینا ئەوە ئازادیی رادەبڕین نییە، ئەگەر کەسێک شتێکی ناشرینی بڵاوکردەوە ئەوە ئاساییە، ئێمە بانگەشە بۆ ئەو پۆستانە ناکەین، بەڵام دەبێت خەڵک بتوانێت قسەی دڵی خۆی بکات و پێچەوانەی ئەوەش سانسۆرە و ئەگەر ئەو رێگەیە بگریتەبەر، ئەوە لە ئاییندەیەکی نزیکدا خۆشت سانسۆر دەکرێیت".
یاسای خزمەتگوزارییە دیجتاڵییەکان لە یەکێتیی ئەوروپا کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 پەسند کرا و بە یاساییەکی مێژوویی ناونرا، ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی زیاتری پۆستی نێو تۆرە کۆمەڵاتییەکان بوو، بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکانی ئەو یاساییە، 19 تۆڕی کۆمەڵایەتی دیاریکراون کە بێجگە لە تویتەر، فەیسبووک، تیکتۆک و چەندینی دیکەشی تێدایە و پلاتفۆڕمەکان ناچار دەکات رێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی پۆستی رقوکینە و رەگەزپەرستی.