لە ئێکوادۆر خۆپێشاندانەکان دژ بە گرانی بەردەوامن
رووداو دیجیتاڵ
لە کیوتۆی پایتەختی ئێکوادۆر لە ئەمریکای باشوور، نزیکەی 11 رۆژە دانیشتووانی رەسەنی وڵات، دژ بە حکومەت خۆپێشاندان دەکەن.
لیۆنیداز ئیزا، سەرۆکی یەکێتیی نەتەوە رەسەنەکان گوتی، "لە ماوەی زیاتر لە 500 ساڵ، خەڵکی رەسەن و نیشتمان پەروەرانی وڵات بەردەوام بەرپەرچی دەسەڵاتە خراپەکانیان داوەتەوە. ئێستا دەسەڵات دەیەوێت ئێمە دەستبەرداری داواکانمان بین، بەڵام ئەو کارە لە ئێمە هەرگیز ناوەشێتەوە."
سەرەتای خۆپێشاندانەکان لەسەر دەستی دانیشتووانی رەسەنی وڵات دەستیان پێکرد کە ژمارەیان سەرووی ملیۆنێکە لە کۆی 17 ملیۆن دانیشتووانانی وڵات، بەڵام تاوەکو دێت خەڵکی دیکە پەیوەندییان پێوە دەکەن و ژمارەیان زیاتر دەبێت.
نایرا، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی داواکارییەکانمان رەوان، رۆژانە خەڵکی زیاتر دێنە ریزی خۆپێشاندانەکانەوە، بەڵێ، ئەو خەڵکەش تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن ناگەڕێنەوە شار، شارۆچکە و گوندەکانیان."
خۆپێشاندەران لە گرانی خۆراک و رۆژانە گرانتربوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان تووڕەن؛ هەروەها داوای کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەکەن لە سەرووی هەموویانەوە بەنزین، وەستاندنی فراوانکردنی پڕۆژەکانی گەڕان و پشکنین بە دوای نەوت و کانزاکان، داواکارییەکی دیکەیانە کە بە گوتەی ئەوان تەنیا سامانداران لەسەر حیسابی زەوی و زارەکانیان، ساماندارتر دەبن.
لە کۆی 24 ویلایەت حکومەت رێگەی سەرەکی لە 15 ویلایەت بڕیوە، بەڵام تاوەکو دێت خۆپێشاندانەکان توندتر دەبن؛ هێزە ئەمنییەکان گوللەی پلاستیک بەکاردەهێنن و خەڵکی برینداربوون، بەشێک لە خۆپێشاندەران رێگەکان دادەخەن؛ هێزی زیاتری پۆلیس بڵاوکراونەتەوە و سەرۆکی وڵاتیش هۆشداریی لە توندوتیژی دەدات.
گاولیرمۆ لاسۆ، سەرۆکی ئێکوادۆر دەڵێت، "لەکاتێكدا ئێمە تاوتوێی داواکارییە رەواکانی هاووڵاتییان دەکەین، بەشێك لە خۆپێشاندەران بە توندوتیژی وەڵاممان دەدەنەوە، ئێمە رێگەنادەین ژمارەیەک خەڵک تووندوتیژی بکەن و ملیۆنان ئێکوادۆری لە کار و ژیان بکەن. ئێمە بەرگریی لە وڵات دەکەین، بەڵام دەرگەی گفتوگۆشمان کراوەیە."
یەکێتی نەتەوە رەسەنەکانی ئێکوادۆر یەکێکە لە گردبوونەوە سیاسییە گرنگەکانی وڵات کە خۆپێشاندانەکانی لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا، سێ سەرۆکی وڵاتی لە دەسەڵات دوورخستووەتەوە.