لە چین هەشت کەس بە چەقۆ کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای فەرمیی چین رایدەگەیێنێت، هەشت کەس لە پارێزگای هوبێی لەو وڵاتە بە چەقۆ کوژراون و کەسێکیش لە رووداوەکەدا بریندار بووە.
 
رۆژی هەینی 24ـی ئایاری 2024، میدیای فەرمیی چین لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی چین کەسێکی تەمەن 53 ساڵ لە شاری زایۆگان لە پارێزگای هوبێی لە نێوەڕاستی ئەو وڵاتە بە چەقۆ هەشت کەسی کوشتووە.
 
میدیای فەرمیی چین ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە رووداوەکە بەردەوامە، بەڵام لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەڵێن، پێدەچێت هێرشکارەکە "نەخۆشیی دەروونی" هەبێت.
 
بەهۆی تووندووتۆڵیی یاسای کۆنترۆلکردنی چەک، رووداوەکانی تەقەکردن لە چین زۆر کەمە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا هێرشکردن بە چەقۆ لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
دوایین رووداوی هێرشکردن بە چەقۆ رۆژی دووشەممە بوو، کە تێیدا ژنێک لە پارێزگای جیانچی دوو کەسی کوشت و چوار کەسی دیکەشی بریندار کرد. 
 
مانگی رابردووش لە پارێزگای یونان لە باشووری رۆژئاوای چین پیاوێک دوو کەسی بە چەقۆ کوشت و 21 کەسی دیکەشی بریندار کرد.