رۆژی جیهانیی تۆپی پێ دیاریکرا؛ ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یاریی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی دیاریکردنی 25ـی ئایار بە رۆژی جیهانیی تۆپی پێ، ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جلوبەرگی نیشتمانییانەوە کۆبوونەوە و دواتریش یارییان کرد.
 
ڤانێسا فرازێر، نوێنەری ماڵتا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بەڵێ دیپلۆماسی بۆ وەرزشە، بێگومان دەبێ وابێت، تۆپی پێ دەتوانێت رێگەیەکی ناوازە بێت بۆ چارەسەرکردنی زۆر لە کێشەکان، ئەگەر بتوانین کێشەکان لە گۆڕەپانی تۆپی پێدا چارەسەر بکەین، لەو بڕوایەدام ئەوە زۆر لە مردنی گەورە و منداڵان باشترە، هەروەها لەو شتانە باشترە کە ئێمە رۆژانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاریان لەسەر دەکەین. هەمیشە پێشوازییەکی راستگۆیانە و دادپەروەرانە باشترە و دەتوانین هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. من دەتوانم 100% دەنگ بەو جۆرە پێشنیازانە بدەم".
 
ئەو پێشنیازە لەلایەن بەحرەین، لیبیا و تاجیکستان خرابووە روو، پاشان دەنگی لەسەر درا و پەسند کرا، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی یاریی نوێنەرەکانی کرد و یەکەم لێدانی بۆ دەستپێکردنی یارییەکە لێدا. 
 
تاهیر ئەلسۆنی نوێنەری لیبیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ پشتیوانیی سەرۆکی فیفامان وەرگرت، ئەو پێیخۆشە هاوکاری ئێمە بکات، لە هەمان کات لەو باوەڕەدام ئەمە هەلێکە ئێمە دەتوانین وەرزش بۆ ئاشتی، بەرەوپێشچوون و کۆبوونەوەمان بەکاربهێنین".
 
هەروەها جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گوتی، زۆر دڵخۆشە کە 25ی ئایار هەڵبژێردراوە، چونکە یەکەم یاری تۆپی پێی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ساڵی 1924 ئەنجامدرا و بۆ ئەو سەدەیەش ئەو یارییە گرنگە.
 
ئەمە یەکەمجار بوو لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، نوێنەری وڵاتان جلوبەرگی فەرمی خۆیان بخەنە لایەک و بە شێوەی نەتەوەیی کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و لە باخچەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یاری تۆپی پێیان کرد.