رووسیا دوو بەرپرسی دیکەی باڵای بەرگری دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رۆژی پێنجشەممە ژەنەراڵێک و بەرپرسێکی باڵای بەرگریی وڵاتەکەی بە تۆمەتی "گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" دەستگیرکرد.
پێشتریش لەسەر هەمان تۆمەت، ژمارەیەک بەرپرسی بەرگری دەستگیرکرابوون.
کرێملن رەتیدەکاتەوە دەستی بە قەڵاچۆکردنی بەرپرسانی باڵای سوپا کردبێت، بەڵام بەشێک لە بلۆگەرە سەربازییە کاریگەرەکانی رووسیا، پێشوازییان لە دەستگیرکردنی یەکێک لە ژەنەراڵەکان کرد، کە بە هۆکاری شکستهێنانی سوپا لە گۆڕەپانی جەنگدا، تۆمەتبار دەکرێت.
لیژنەی لێکۆڵینەوە رایگەیاند، ڤەدیم شامارین، جێگری سوپاسالاری رووسیای خستووەتە زیندانەوە لەسەر ئەوەی کە "بەرتیلی گەورەی وەرگرتووە."
سزای تاوانێکی لەو جۆرە تاوەکو 15 ساڵ دەڕوات.
لیژنەکە باس لەوە دەکات، شامارین بەرتیلی لە کارگەیەکی شاری ئورالس وەرگرتووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکانی حکومەتی پێ بدات. بە گوتەی لیژنەکە، بەرپرسە سەربازییەکە 36 ملیۆن روبڵی وەرگرتووە کە دەکاتە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار.
لیژنەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ڤلادمیر ڤێرتێلێتسکی، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری، دەستگیرکردووە، ئەوەش بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە فەرمییەکانی".
لێکۆڵەران دەڵێن، ئەو بەرپرسەش لە ساڵی 2022 لە بەرامبەر پێدانی گرێبەستێکی حکومەت، بەرتیلی وەرگرتووە.