ئەڵمانیا: بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو جێبەجێ دەکەین

24-05-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بڕیاری دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یۆئاڤ گاڵانتی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جێبەجێ بکات، ئەوانیش جێبەجێی دەکەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 24-05-2024، ستێفان هێبشترێت، گوتەبێژی ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی ئەگەری جێبەجێکردنی داواکەی داواکاری گشتی دادگەی  نێودەوڵەتیی تاوان و سەردانیی نەتەنیاهوو بۆ ئەڵمانیا، رایگەیاند، "بەڵێ، بێگومان ئێمە پابەندی یاسا دەبین. ئێمە پشتگیریی لە بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەکەین و بەو شێوەیەش دەمێنینەوە. ئەوەش بەو واتایەی بڕیارەکانی دادگە بەجدی وەردەگرین و جێبەجێی دەکەین".
 
رۆژی یەکشەممە 19ی ئایار، کەریم خان، داواکاری گشتی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC)، رایگەیاند، "لەسەر ئەو تاوانە مرۆییانەی لە غەززە کراون، داوا دەکەن سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەستگیر بکرێن".
 
ئەوکات حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەوان رێز لە سەربەخۆیی و رێکارەکانی دادگەکە دەگرن، بەڵام نیگەرانیشن لەو داواکارییە. 
 
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە پێشکێشکردنی داواکاری دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لەیەککاتدا و دروستکردنی ئەو روانگەیەی کە کردەوەکانی ئەو دوو لایەنە هاوشێوەن، "پێگەیەکی نامۆی بۆ دادگە هێناوەتە پێشەوە و دەبێت هەر ئەوانیش وەڵامی ئەر پرسیارە قورسە بدەنەوە".
 
ئەم لێدوانە نوێیەی حکومەتی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئۆپەراسیۆنی حەوت مانگەی ئیسرائیل بۆ غەززە دەبینرێت.
 
داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، داوای دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە ئیسماعیل هەنییە، یەحیا سینوار، محەممەد زەیفی بەرپرسانی باڵای حەماسیش کردووە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، بۆ دووپاتکردنەوەی پشتگیریی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رایگەیاند، بەمزووانە بنیامین نەتەنیاهوو، سەردانی ئەمریکا دەکات و پێشوازی لێدەکەن و لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکاش گوتارێک پێشکێش دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا