بەهۆی داڕمانی بنمیچی چێشتخانەیەک لە ئیسپانیا چوار کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە دوورگەی مایۆرکا لە ئیسپانیا بنمیچی چێشتخانەیەک داڕما و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 24ـی ئایاری 2024، دەزگای فریاگوزاری دوورگەی مایۆرکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، کە درەنگانێکی رۆژی پێنجشەممە بنمیچی چێشتخانەیەکی دوو نهۆمی لە باشووری دوورگەکە داڕماوە.
دەزگای فریاگوزاری ئیسپانیا رایگەیاند، "چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە برینی حەوتیان قورسە".
بەگوتەی میدیای ئیسپانیا، دەستبەجێ دوای داڕمانی بنمیچەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و سەرجەم بریندارەکان گەیاندراونەتە نەخۆشخانە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەستپێبکەن.
دوورگەی مایۆرکا بە ئاو و کەناراوە پاکەکانی بەنێوبانگە و دوای هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا ساڵانە زۆرترین گەشتیار بەلای خۆیدا رادەکێشێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئیسپانیا، ساڵی رابردوو، زیاتر لە 14 ملیۆن گەشتیار سەردانی دوورگەکەیان کردووە.
دوایین جار کە رووداوی هاوشێوە لەو دوورگەیەی ئیسپانیا روویدابێت ساڵی 2009 بوو، کە تێیدا بنمیچی باڵەخانەیەکی سێ نهۆی داڕما و بەوهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.