رووسیا هێرشەکانی لە خارکێڤ چڕکردووەتەوە و دەڵێت 'ناوچەیەکی ئارام' دروست دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ڤیدیۆکە پاشماوەی بۆردوومانە نوێیەکانی رووسیا لە هەرێمی خارکێڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەبینن، زیاتر لە دوو هەفتەیە، ئەو هەرێمە ستراتیژییەی ئۆکراینا بووەتە ئامانجی هێرشە نوێیەکانی رووسیا.
ئۆکراینییەکان دەڵێن، رووسیا دەیەوێت نەبوونی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی بقۆزێتەوە.
ڤۆلۆدمێیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینایە و دەڵێت، "ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە نەگۆڕاوە، زۆربەی سەرنجەکانیش لەسەر هەرێمی دۆنێتسک و هەروەها خارکێڤە و تەواوی سنوورەکانی خارکێڤ بووەتە سەرنجی هێرشەکانی دووژمن."
رووسیا لە 10ـی ئەم مانگەوە هێرشێکی زەوینیی فراوانی بۆ سەر سوپای ئۆکراینا دەستپێکردووە. هەرێمی خارکیڤ کە 20 مانگە رووسیا لێی کشاوەتەوە، لە مانگی 11ـی پارەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمەکە زیاتر لە 200 هەزار کەسە، تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئۆکراینا توانیویانە زیاتر لە 10 هەزار و 300 کەس لە گوندە سنوورییەکانی هەرێمی خارکیڤ بگوازنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 14 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی هەرێمی خارکیڤ بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە ئاوارە بوون.
رووسەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئامانج لە هێرشە نویێەکان پاراستنی ناوچە سنوورییەکانە کە تەنیا 15 کیلۆمەتر لە خارکێڤەوە دوورە.
ڤلادمێیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت: "بەداخەوە ئەوان بەردەوامن بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل و ناوچە سنوورییەکانی خەڵکی سڤیلی تێدا نیشتەجێیە و لەنێویان شاری بێلگۆرۆد، ئەوکاتیش رامگەیاند ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەوام بوون، ئێمە ناچار دەبین ئۆپەراسیۆن بکەین و ناوچەیەکی ئارام دروست بکەین و ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئێستاش بۆ ئەو مەبەستەیە."
ئۆکراینا چاوەڕێی گەیشتنی هاوکاریی وڵاتانی رۆژئاوایە تاوەکو وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.
پاکێجە 61 ملیار دۆلارییەکەی ئەمریکا، فڕۆکەی ئێف 16 و گوللـە تۆپی 155 ملیمی و کەرەستەی سەربازی و لۆجستی تێدایە، بەڵام لەنێوان حوزەیران و تەممووزی ئەم ساڵ، دەگەنە ئۆکراینا.
لە شوباتی 2022ـەوە رووسیا توانیویەتی کەمتر لە 20٪ـی رووبەری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکات.