ئەڵمانیا دەیەوێت ئاسانکاری لە پێدانی وڵاتینامە بە کۆچبەران بکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەڵمانیا حکومەت دەیەوێ بە ماڵپەڕێک و کەمپەینێک ئاسانکاریی زۆرتر بکات بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ببنە هاووڵاتیی ئەڵمانیا. 
 
بەپێچەوانەی ئەو تووندکردنانەی لەو وڵاتانەی دیکە دەبیندرێن، ئەڵمانیا خەریکی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتەکەی ئێستایەتی سەبارەت بە کۆچبەران.
 
ئەو بەرنامەیە ئاسانکاریی زۆرتری کرد بۆ هاتنی دەستی کاری شارەزا. لەلایەکی دیکەشەوە وەرگرتنی وڵاتینامەی ئاسانتر کرد. 
 
ئێستا بۆ ئەوەی ئاسانتر زانیاری بداتە ئەوانەی وەرگرتنی وڵاتینامە دەیانگرێتەوە، ئەڵمانیا بەتەمایە ماڵپەڕێک بکاتەوە و بە هەڵمەتێکی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاریی زۆرتر بداتە ئەو کەسانە. بڕیاروایە ماڵپەڕەکە و هەڵمەتەکە بە زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی بن و کۆتایی مانگی داهاتوو (واتە مانگی شەش) دەستپێدەکەن.