هۆڵەندا ماوەی وەرگرتنی وڵاتینامە بۆ 10 ساڵ بەرزدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی نوێی هۆڵەندا ماوەی وەرگرتنی وەڵاتینامە لە 5 ساڵەوە دەکاتە 10 ساڵ. 
 
پاش چەندین مانگ دانوستاندن و چاوەڕوانی، پارتە براوەکانی هەڵبژاردن لە هۆڵەندا رێککەوتن. چوار پارت دەیانەوێ حکومەتی نوێ پێکبهێنن. ئەوەی بۆ ئەوانەتان کە لە هۆڵەنداوە تەماشا دەکەن گرنگ بێ ئەوەیە کە حکومەتێکی تووند بەرامبەر کۆچبەران بەڕێوەیە. 
 
هەر لە بەزۆر دیپۆرتکردنەوەوە بگرە تا دەگاتە سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەری نوێ و گۆڕینی یاساکانیش بۆ ئەوانەی ئێستا وەک کۆچبەر لەوێن، هەموویان ئەو خاڵانەن کە کابینە چاوەڕوانکراوەکە دەیەوێ جێبەجێیان بکات. 
 
هەروەها ئەوانەی تاقیکردنەوەی خۆگونجاندن دەکەن، دەبێ بیسەلمێنن کە لە چیرۆکی هۆلۆکۆست (واتە قڕکردنی جووەکان لە سەردەمی ئەڵمانیا نازیدا) تێگەیشتوون. 
 
سەبارەت بە وەرگرتنی وەڵاتینامە یان پاسپۆرتیش دەبێ ئەو کەسەی داوای دەکات بەلایەنی کەمەوە 10 ساڵ لە هۆڵەندا ژیابێ. تاوەکو ئێستا ئەمە 5 ساڵ بوو.