رووداو دیجیتاڵ
بە ئاشکرا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی ماراتواتا لە ویلایەتی ماهاراسشترای رۆژئاوای هیندستان دەبینرێن.
لە زۆربەی گوندەکانی ویلایەتەکە ئاگاداری بڵاوکراوەتەوە و لەسەری نووسراوە "دەست بە ئاوەوە بگرە و ژیانت بپارێزە."
شوبها لۆندهێ، جووتیارە لەو ویلایەتە و دەڵێ "لە وەرزی باراندا دەتوانین هەندێ کار بکەین، بەڵام لە هاویندا کەشوهەوا زۆر گەرم و وشکە و ناتوانین کشتوکاڵ بکەین. هیچ خۆراکێک لە ماڵەکەماندا نییە و زەحمەتە بەم شێوەیە ژیان بەسەربەریت."
لەو وڵاتەی خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی جیهانە، لانیکەم 120 ملیۆن جووتیار هەن و، دەڵێن رۆژانە نزیکەی 60 دۆلار بە ئاو دەدەن بۆ ئاودانی کێڵگەکانیان، بەڵام هێشتا زەوییەکانیان وشکە و زۆربەی بەرهەمەکانیان لەنێودەچن.
بەگوێرەی بەرپرسان، بڕی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکانی ویلایەتەکە ساڵی رابردوو 56٪ بووە، ئەمساڵ بۆ 41٪ دابەزیوە.
هەروەها لە شوێن و گوندە دوورەدەستەکان، بەرپرسانی ویلایەتەکە سەدان تانکەری ئاویان بۆ دابینکردنی ئاو بۆ گوندنشینان تەرخانکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هیندستان، بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران، ساڵی رابردوو هەزار و 88 جووتیار لە هیندستان لەبەر نەبوونی بژێویی ژیان و کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەر شانیان، خۆیان کوشتووە.
ڤیڤک گرێواڵ، شارەزای بواری سەرچاوە ئاوییەکان باسی ئەوە دەکات "هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی ئاوی ژێرزەوی، چالاکییەکانی مرۆڤە بەتایبەتی لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا. لەسەروو ئەمەشەوە، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وایانکردووە ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئاو و خۆراک و کارەباش. لەگەڵ گەرمبوونی گۆی زەویش چاوەڕێ دەکرێ وشکەساڵی لە چەند ساڵی داهاتوودا زیاتریش بێت."
بەهۆی کەمبوونەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و فراوانبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، تێچووی چاندن لە هیندستان بەڕێژەی 27٪ زیادی کردووە، کە وایکردووە نرخی سەوزەش بە هەمان رێژە زیاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ