نەتەوە یەکگرتووەکان 11ی تەممووزی بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدی موسڵمانانی بۆسنیا دیاریکرد


رووداو دیجیتاڵ 

چەپڵەڕێزانی ئەمجارەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دڵخۆشییان بۆ پەسندکردنی دیاریکردنی رۆژێکی جیهانی بوو بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدی سرێبنێسای بۆسنیا. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 11ی تەممووزی دیاریکرد بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدەکە.
 
ساڵی 1995 سڕبییەکانی بۆسنیا دەستیان بەسەر شارۆچکەی سرێبنێسادا گرت، دانیشتووانی شارۆچکەکە مسوڵمان بوون. پیاوەکانیان لە ژن، دایک و منداڵەکانیان جیاکرانەوە و زیاتر لە هەشت هەزاریان کۆمەڵکوژکران.
 
پەسندکردنی بڕیارەکە بە 84 دەنگ لە بەرژەوەندی بڕیارەکە، 68 دژ و 19 دەنگی بەتاڵ بوو. 
 
سەحیدە ئەبدورەهمانۆڤیچ، هاووڵاتییە و بە بڕیارەکە دڵخۆشە، دەڵێت: "پێشبینیمان دەکرد بڕیارنامەکە پەسند بکرێت. پێمان وابوو ژمارەیەک وڵاتی زیاتر دەنگ بە پڕۆژەکە بدەن. دەمەوێت سوپاسی ئەو وڵاتانە بکەم کە دەنگیان بە پەسندکردنی پڕۆژەکە دا. ئەوانەشی دەنگیان نەدا یان دەنگیان بە دژی پڕۆژەکەدا، لە یەکێک لە پایەکانی ئەو ناوەندەی بۆ یادکردنەوەی قوربانیان دروستی دەکەین، ناویان لە ریزی شەرمەزاران دەنووسین."
 
دوای دەرچوونی بڕیارەکە، بەشێک لە دانیشتووانی سڕبیا خۆپێشاندانیان دژی بڕیارەکە کرد، بە گوتەی ئەوان، بڕیارنامەکە بۆ دژایەتی وڵاتەکەیان پەسەندکراوە.