بەریتانیا کۆچبەرانی کوردیش دەخاتە نێو لیستی ئەوانەی بۆ رواندا دەنێردرێن

24-04-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاساکەی حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، پەنابەرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. پارێزەرێک داوا لە کۆچبەرانی کورد لە بەریتانیا دەکات، ئاگاداری ئیمێڵەکانیان بن و هەرکات نامەی حکومەتیان پێگەیشت، تانەی لێبدەن.
 
ئالان عەلی، پارێزەری نێودەوڵەتی لە بواری کۆچبەران، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ، بۆ رووداو ئاشکرای کرد، "تەنیا پەنابەرانی ئەفغانستان لەو یاسایەی پەرلەمان هەڵاوێرد کراون و نانێردرێنە رواندا". گوتیشی، "کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو بژاردانەن کە دەخرێنە نێو ئەو یاسایە بۆ ناردنیان بۆ رواندا."
 
رۆژی سێشەممە 23-04-2024 پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژە یاسایەکی بۆ دیپۆرتکردنی بەشێک لە کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا پەسند کرد، یاساکە دەستی حکومەتی بەریتانیا کراوە دەکات، لە دیپۆرتکردنی پەنابەران بۆ رواندا.
 
ئەو پارێزەرەی کەیسەکانی کۆچبەران، هۆشداری دەداتە کۆچبەرانی کورد، ئاگاداری ئیمێڵەکانیان بن و بەردەوام چاودێریی بکەن، چونکە هیچ کۆچبەرێک لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەستگیر ناکرێت، بەڵکو "پەنابەران پێشوەختە پەیامیان بە ئیمێڵ بۆ دەچێت، مافی ئەوەیان هەیە لە ماوەی حەوت رۆژدا تانەی لێبدەن."
 
وەکو ئالان عەلی باسی دەکات، "ئەگەر دادگای بەرایی تانەکەی رەتکردەوە، دادگای باڵا لە ماوەی 23 رۆژدا وەڵامی تانەکە دەداتەوە، پەناخواز نابێت ئەو نامەیە فەرامۆش بکات، رەنگە دادگا بڕیار بدات بە دەرهێنانی پەنابەرەکە لەو لیستە، بۆیە ئەو نامەیەی بۆ پەنابەر دەچێت، دەرفەتێکی گرنگە بۆئەوەی تانەی لێبدەن و رەنگە دادگا تانەکە قبووڵ بکات و لەو لیستە دەریان بهێنێت."
 
رواندا کە 73%ی خەڵکەکەی هەژارن، بە پارە وەرگرتن پەنابەرانی لە بەریتانیا قبووڵ کردووە، لە سێ ساڵدا سەرووی 600 ملیۆن دۆلار لە بەریتانیا وەردەگرێت. لە سەرکوتکردن و پێشێلی مافەکانی مرۆڤ؛ لە 178 وڵاتی جیهان، رواندا 169یەمینە، بۆیە پەنابەران ترسیان هەیە لە چوونیان بۆ ئەو وڵاتە. 
 
وەکو ئەو پارێزەرە باسی دەکات، "سەلامەتیی رواندا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە، تاکە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکە بودجەی گواستنەوەی پەنابەرانە، کە ملیۆنێک و 800 هەزار پاوند لەسەر حکومەت دەکەوێت و دەبێت پەرلەمان دەنگی پێبدات، رەنگە سیناریۆیەکی هەڵبژاردنیش بێت بۆ پارتی دەسەڵاتدار و جێبەجێ نەکرێت."
 
حکومەتی بەریتانیا، بۆ خێرا بەڕێوەچوونی پرۆسەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، 2200 شوێنی تایبەت بە مانەوەی کۆچبەرەکان لە بەریتانیا ئامادە دەکات. 200 راوێژکاری یاسایی و پارێزەر؛ نزیکەی 25 دادگە و 150 دادوەر بۆ سەیرکردن و یەکلاییکردنەوەی کەیسی کۆچبەرە نێردراوەکان بۆ رواندا تەرخان دەکرێن . راهێنان بە 500 کەسیش کراوە بە مەبەستی گواستنەوە و گەیاندنی کۆچبەرەکان بە رواندا.
 
ئالان عەلی، کە ساڵانێکە کار لەسەر کەیسی کۆچبەران دەکات، پێیوایە، بۆئەوەی کۆچبەرانی کورد لەم بڕیارە و ناردنیان بۆ کۆچبەران دووربن "بە شێوەی یاسایی و بە وەرگرتنی ڤیزا بێنە نێو بەریتانیا، دووربن لە هاتنیان بە رێگەی بەلەم، چونکە دەرکردنی یاساکە بۆ رێگرتنە لە بەلەمەکانی کۆچبەران."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەدالیای ئاڵتوونیی خەڵاتی نۆبڵ

بەهۆی جەنگە بەردەوامەکانەوە داوا دەکرێت ئەم ساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دابەشنەکرێت

ئۆلاڤ نۆسلتاد، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نۆبڵی نەرویجی دەڵێت، "قورسە ئەرێنی بیت کاتێک ئەمڕۆ سەیری جیهان دەکەیت و دەبینی هێزی ئاشتی باڵادەست نییە، هەرچەندە کاتێک سەیری بەربژێرەکان دەکەیت کەسانێک یان چەند رێکخراوێک دەبینی کە کاری مەزن لەو پێناوەدا دەکەن."