تیکتۆک بۆ ئەمریکییەکان: لە دادگە شەڕ لە دژی قەدەخەکردنمان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی تیکتۆک لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە بەکارهێنەرە ئەمریکییەکان دەڵێت: "لە دادگە شەڕ لە دژی قەدەخەکردنی ئاپەکە دەکەین و ناچینە هیچ شوێنێک." ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی واژۆکرد کە رەنگ ببێتە هۆی قەدەخەکردنی تیکتۆک لە 9 مانگی داهاتوودا.
 
چوارشەممە، 24-04-2024، شۆو زی چوو، بەڕێوەبەری گشتیی تیکتۆک لەبارەی ئەگەری قەدەخەکردنی ئاپەکە لە ئەمریکا لە نۆ مانگی داهاتوودا، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەمە قەدەخەیەکە بۆ سەر تیکتۆک و بۆ سەر ئێوە و دەنگەکانتان."
 
رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژەبڕیارێک کرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە تێپەڕێندرابوو. یەکێک لە یاساکان ئاماژە بە قەدەخەکردنی ئاپی تیکتۆک دەکات ئەگەر ئاپەکە کە کۆمپانیای بایتدانسی چینی خاوەنیەتی، لە نۆ مانگی داهاتوودا پشکەکانی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەفرۆشێت.
 
ئەمریکا دەڵێت: تیکتۆک پلاتفۆڕمێکە لەلایەن چینەوە بۆ "سیخوڕی و بردنی زانیاریی تاکە کەسی بەکاردەهێندرێت."
 
تیکتۆک ئەمەی رەتکردووەتەوە و نیگەرانیی دەربڕی گوایە ئەمریکا ئاپێک قەدەخە دەکات کە دەبێتە هۆی قەدەخەکردنی ئازادیی رادەربڕین لە 170 ملیۆن ئەمریکی.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تیکتۆک لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "لەوانەیە سیاسەتڤانەکان بڵێن ئەمە قەدەخەیەکی راستەوخۆ نییە، بەڵام سەرتان لێ نەشێوێت، زۆربەی ئەوانەی لە پشت ئەو پڕۆژەبڕیارەن دانیان بەوەدا ناوە قەدەخەکردنی تیکتۆک ئامانجی سەرەکییە."
 
بەڕێوەبەرەکە ئەوەشی بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکا خستەڕوو: "ئاسوودەبن، ئێمە ناچینە هیچ شوێنێک. لە دادگەکان بەردەوامدەبین لە شەڕکردن بۆ مافەکانتان. راستییەکان و دەستووریش لە بەری ئێمەیە."
 
پڕۆژەیاساکە دوای سێ رۆژ لە تێپەڕاندنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ گەیشتە ئەنجوومەنی پیران و بە 79 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 18 دەنگی نەخێر پەسندکرا و خرایە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا.
 
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەمریکا 9 مانگ مۆڵەت دەداتە تیکتۆک پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت یاخود ئاپەکە لە فرۆشگەکانی ئاپ ستۆر و گووگڵ پلەی لە ئەمریکا لادەبرێت، ئەگەری هەیە سێ مانگیشی بۆ درێژبکرێتەوە.
 
کۆتایی 9 مانگەکە دەکەوێتە نێوەڕاست یاخود کۆتایی کانوونی دووەمی 2025، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا کە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێردرێت، ئەگەری هەیە هەلومەرجەکان بۆ تیکتۆک تووندوتۆڵتریش بن بەو پێیەی بەربژێرە تەمەن 77 ساڵییەکەی کۆمارییەکان هەڵوێستێکی تووندتری هەیە بەرامبەر چین.
 
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارە، ئیلۆن مەسک گەورە ملیاردێری جیهان و خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو)، رۆژی 19-04-2024 گوتی: "بەڕای من، نابێت تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەخە بکرێت، هەرچەندە ئەو قەدەخەیە دەبێتە سوود بۆ ئێکس. قەدەخەکردنی تیکتۆک دژی ئازادیی رادەربڕینە، ئەمە لەگەڵ مانای ئەمریکا یەکناگرێتەوە."
 
دیار نییە کێ تیکتۆک دەکڕێت، بەڵام کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و ئۆراکل و چەند کۆمپانیایێکی دیکە خواستی خۆیان بۆ کڕینی پلاتفۆڕمەکە دەربڕیوە.
 
چاوەڕێ ناکرێت تیکتۆک بەو سیستمەی ئێستا هەیەتی کە هۆکاری سەرنجڕاکێشانی سەدان ملیۆن خەڵکە، پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت، بەڵام لەهەر فرۆشتنێکدا ئەگەری هەیە کۆمپانیا رکابەرەکانی ئەمریکی سوودمەند بن. 
 
لەنێویاندا کۆمپانیای مێتای مارک زوکەربەرگ کە چاوەڕوان دەکرێت لەکاتی فرۆشتنی تیکتۆک و گۆڕانکاریی لە ئەلگۆریتمەکەی، 60٪ی بەکارهێنەرانی رووبکەنە ئینستاگرام و فەیسبووک.