بایدن پاکێجی هاوکاریکردنی ئۆکراینا واژۆ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەو پاکێجە هاوکارییەی چەندین مانگ بوو مشتومڕی لەنێو ئەمریکا دروستکردبوو، دواجار لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆکرا. جۆ بایدن گوتی: "دەبێت بەزووترین کات ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراینا دەستپێبکات."
رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر ئەو پاکێجە هاوکارییە کرد، کە تێیدا 61 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لە جەنگی دژی رووسیا تەرخان کرابوو.
بایدن دوای واژۆکردنی پاکێجەکە گوتی: "ئەو پاکێجەم واژۆکرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە تێپەڕێندرا. دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی لە چەند کاژێری داهاتوودا ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا دەستپێدەکات."
پاکێجەکە 95 ملیار دۆلارە. 61 ملیار بۆ ئۆکراینایە، 13 ملیار بۆ ئیسرائیل، 9 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی غەززە و ناوچە لێقەوماوەکانی دیکە، 8.12 ملیار دۆلاریش بۆ تایوانە.
پڕۆژەیاساکان بەرهەمی چەندین مانگی پڕ لە مشتومڕ، گوشاری هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و داواکارییەکانی زیلینسکین. لە مانگی شوباتەوە دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمریکا لەسەر هاوکاریکردنی ئۆکراینا ناکۆکن؛ ئەمە بە روونی رەنگدانەوەی لە مەیدانی جەنگدا هەبووە.
سەرەتا دەبووایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاکێجەکە پەسند بکات، ئینجا ئەنجوومەنی پیران و پاشان سەرۆکی ئەمریکا. پاکێجەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەتایبەت لەلایەن کۆمارییەکان گیری خواردبوو.
رۆژی 21-04-2024، دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران مۆری لێدرا، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران (کۆماری) گوتی: "بە باشتری دەزانم فیشەک بۆ پێکدادان لە دەرەوەی وڵات بنێرم نەک بۆ سەربازانمان. پێموایە ئەمە ساتێکی گرنگە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە. رێگەمان خۆشکرد ئەنجوومەن ئەم کارە بکات و چاوەڕێ دەکەین پیرانیش هەمان رێ بگرێتەبەر."
چوارشەممە 24-04-2024 ئەنجوومەنی پیرانیش پڕۆژەیاساکەی تێپەڕاند. چەک شوومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکرات لەو ئەنجوومەنە رایگەیاند: "ئەو پرۆژەیاسایەی کۆنگرێس رەوانەی سەرۆکی دەکات، لە بەشی زۆریدا هەمان پاکێجە کە پێشتر خرابووەڕوو. ئەم هاوکارییانە بنچینەیین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین ئاڵنگارییەکانی دوای جەنگی سارد. شکستی ئەم پاکێجە دەبووە خەڵاتێکی نایاب بۆ پووتین، سەرۆکی چین و ئێرانیش کە زیانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کولتوورییان بە ئەمریکا گەیاندووە."
رووسیا کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پێشڕەوییەکانی لە ریزی پێشەوەی بەرەکانی شەڕ بەتایبەتی لە هەرێمی دۆنێتسک، زیاتر بووە؛ بە کەم تەماشای پاکێجەکە دەکات و دەڵێت، هیچ شتێك لە گۆڕەپان ناگۆڕێت.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمریکای کرد و گوتی: "قەیرانە داراییەکان لە جیهاندا دژوارتر دەکەن." دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیاش گوتی: پاکێجەکەی ئۆکراینا "سەربازی زیاتری ئۆکراینی بە کوشت دەدات."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا خۆشحاڵە بە تێپەڕاندنی یاساکە و دەڵێت: "ئەو بڕیارەمان پێگەیشت کە چاوەڕێمان دەکرد. پاکێجی پاڵپشتیی ئەمریکامان پێگەیشت کە خراپ لەپێناویدا جەنگاوین. پاکێجێکی زۆر گەورەیە کە سەربازانمان لە بەرەکانی جەنگ و لەو شارۆچکە و گوندانە هەستی پێدەکەن کە زیانیان بەدەست تیرۆری رووسیاوە بینیوە."
26 مانگە شەڕی ئۆکراینا هەڵگیرساوە؛ پاکێجەکانی کۆشکی سپی بەمەی کە تازە پەسند کراوە، لە 100 ملیار دۆلار تێپەڕیون. لەولاشەوە ناتۆ رژدە لەسەر شکستپێهێنانی رووسیا و پووتینیش هۆشداری دەداتە رۆژئاوا؛ هاوکاریکردنی کیێڤ تەنیا جیهان بەرەو جەنگی سێیەم دەبات کە بە ئەگەری زۆر، چەکی وێرانکەری ئەتۆمیی تێدا بەکاردەهێندرێت.