جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا لەسەر بەرتیل دەستبەسەر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بە تۆمەتی وەرگرتنی "بڕێکی زۆری بەرتیل،" جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا دەستبەسەر دەکرێت و چاوەڕێی دادگەیی کردنە.
 
رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، میدیای دادگەی مۆسکۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانییەوە رایگەیاند "تیمور ئیڤانۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا دەستبەسەر کراوە." لە ئەگەری ساخبوونەوەی ئەو تۆمەتە، دادگەکە دەڵێت "دەکرێت بە 15 ساڵ بەندکردن سزا بدرێت."
 
پارێزەری ئیڤانۆڤ بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت "جێگری وەزیر هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە."
 
تیمور ئیڤانۆڤی تەمەن 48 ساڵ ئەرکی سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی سەربازیی و وەرگرتنی سەربازیی نوێی پێ راسپێردرابوو بۆ هێزە چەکدارەکانی رووسیا. ئیڤانۆڤ لە 2016ـەوە جێگری وەزیری بەرگریی حکومەتەکەی ڤلادیمیر پووتینە و پێش ئەو پۆستە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی مۆسکۆ بوو.
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) رایگەیاند "سەرۆک پووتین لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ سێرجی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا."
 
سیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملین گوتی "چەندین دەنگۆی جیاواز هەن، ئێوە دەبێت گوێ لە زانیاریی فەرمیی بگرن."
 
کریملین هیچ لێدوانێکی دیکەی لەسەر دەستگیرکردنی ئیڤانۆڤ نەدا.
 
دادگەی مۆسکۆ دەڵێت، لێکۆڵەران گومان دەکەن ئیڤانۆڤ "لە رێگەی بەڵێندەرایەتی و چەند گرێبەستێکەوە کە بۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیا کراون، بڕێکی زۆری بەرتیلی وەرگرتووە."
 
میدیای رووسیا دەڵێت "ئیڤانۆڤ لانیکەم تاوەکو 23ـی حوزەیران بە دەستبەسەری دەمێنێتەوە ئینجا دادگایی دەکرێت. ئیڤانۆڤ لەو ماوەیە لە زیندانی لێفۆرتۆڤۆ لە مۆسکۆ دەمێنێتەوە."
 
لێکۆڵینەوەکانی تیمەکەی ناڤالنی
 
ئەلێکسی ناڤالنی، رەخنەگری بەنێوبانگی رووسیا، لە رێگەی دامەزراوەکەی خۆی، دامەزراوەی دژەگەندەڵی - ACF لە کانوونی یەکەمی 2022 لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا و خێزانەکەی کرد.
 
دامەزراوەکە ئەوکات بڵاویانکردەوە "بە هەزاران ئیمەیڵی دزەپێکراوی سڤێتلانا مانیۆڤیچ، هاوژینی ئیڤانۆڤمان بەدەستگەیشتووە و دەردەکەوێت کە ئەو خێزانە ژیانێکی شاهانە دەژین، مەحاڵە مووچە فەرمییەکەی ئیڤانۆڤ بتوانێت خەرجیی ئەو شێوە ژیانە دابینبکات."
 
تیمەکە هەروەها باسیان لەوەش کرد هاوژینەکەی ئیڤانۆڤ بە سەدان هەزار یۆرۆی لە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، جلوبەرگ، خشڵ و زێڕ، رێکخستنی ئاهەنگ و بەکرێگرتنی یەخت خەرجکردووە.
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی تیمە ئۆپۆزسیۆنەکە، "هەندێک لەو خەرجییانە لەلایەن لایەنی سێیەمەوە دراون لەوانەش چەند بەڵێندەرێکی وەزارەتی بەرگری."
 
دامەزراوەی ACF گوتیشی "ئیڤانۆڤ سوودی لە پڕۆژەکانی بنیاتنانەوەی بەندەری ماریوپۆل وەرگرتووە."
 
بەندەری ماریوپۆل سەر بە ئۆکراینا بوو، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022، سوپای رووسیا کۆنترۆڵی کرد.
 
ئەلێکسی ناڤالنی، تەمەن 47 ساڵ، سیاسەتڤانێکی رووسی و سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بوو. ناڤالنی رەخنەگرێکی سەرسەختی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوو، چەند جارێکیش چەند خۆپێشاندانێکی لە دژی سەرۆک و سیاسەتی رووسیا رێکخست. 
 
ئەو رەخنەگرە لە ساڵی 2021 لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا و بە 19 ساڵ بەندکردن سزادرا. رۆژی 16ـی شوباتی 2024 ناڤالنی لە زیندان گیانی لەدەستدا و رووداوەکە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.