ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پاکێجە 95 ملیار دۆلارییەکەی بۆ ئۆکراینا، ئیسرائیل و تایوان پەسند کرد

24-04-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەندین مانگ لە دواخستن و پەکخستن، دواجار پاکێجە 95 ملیار دۆلارییەکەی ئیدارەی بایدن، لەنێویدا 61 ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا، مۆری پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لێدرا و بە واژۆیەکی بایدن ئیدی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
چەک شوومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکرات رایگەیاند، "ئەو پرۆژە یاسایەی کۆنگرێس رەوانەی سەرۆکی دەکات، لە بەشی زۆریدا هەمان پاکێجە کە پێشتر خرابووەڕوو. ئەم هاوکارییانە بنچینەیین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین ئاڵنگارییەکانی دوای جەنگی سارد. شکستی ئەم پاکێجە دەبووە خەڵاتێکی نایاب بۆ پووتین، سەرۆکی چین و ئێرانیش کە زیانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کولتوورییان بە ئەمریکا گەیاندووە."
 
بڕیارە بایدن لە کەمتر لە هەفتەیەکدا چەکی نوێ بنێرێتە ئۆکراینا، لەنێویدا مووشەکی دوورمەودای 305 کیلۆمەتری بەو مەرجەی تەنیا لە خاکی ئۆکراینا رووسییەکانی پێبکرێتە ئامانج.
 
رووسیا کە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە پێشڕەوییەکانی لە ریزی پێشەوەی بەرەکانی شەڕ بەتایبەتی لە هەرێمی دۆنێتسک، زیاتر بووە؛ بە کەم تەماشای پاکێجەکە دەکات و دەڵێت، هیچ شتێك لە گۆڕەپان ناگۆڕێت.
 
سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا دەڵێت، "سەبارەت بە هەڕەشەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر رووسیا، ئێمە بە بەرهەمهێنانی نوێترین چەک بەرپەرچی هەموویان دەدەینەوە، هیچ شتێک نابێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکانی جەنگ. تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکانمان، ناوەستین."
 
لە دۆنێتسک، سوپای ئۆکراینا و هێزەکانی رووسیا ئێستا 12 کیلۆمەتر لە یەکدییەوە دوورن. ئۆکراینییەکان سەرقاڵی لێدانی تونێلی نوێ و پتەوترکردنی تونێلە کۆنەکانیانن؛ دەگوترێت رووسیا نیازی هێرشێكی فراوانی هەیە.
 
ساشا، سەربازی ئۆکراینی دەڵێت، "هەندێک بارودۆخ هەن، بۆ ئێمە بە تەواوەتی نوێیە و دەبێت خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین، لێدانی ئەم تونێلانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری جووڵەیەکی پێشبینی نەکراوی سوپای رووسیای دوژمنە."
 
26 مانگە شەڕی ئۆکراینا هەڵگیرساوە؛ پاکێجەکانی کۆشکی سپی بەمەی کە تازە پەسند کراوە، لە 100 ملیار دۆلار تێپەڕیون. لەولاشەوە ناتۆ رژدە لەسەر شکستپێهێنانی رووسیا و پووتینیش هۆشداری دەداتە رۆژئاوا؛ هاوکاریکردنی کیێڤ تەنیا جیهان بەرەو جەنگی سێیەم دەبات کە بە ئەگەری زۆر، چەکی وێرانکەری ئەتۆمیی تێدا بەکاردەبرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.