گۆتێرێز لە ئەنجوومەنی ئاسایش رەخنەی تووند لە رووسیا دەگرێت: ئەوەی لە ئۆکراینا دەیکات 'داگیرکارییە'

24-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا کە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا تێیدا ئامادە بوو، رایگەیاند، "داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە بووەتە هۆکاری ئازار و وێرانکاریی زۆر بۆ ئۆکراینا و خەڵکەکەی."
 
رۆژی دووشەممە 24-04-2023 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا گوتی، "گرژیی نێوان وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لە ئاستێکی مێژووییدایە. هەربۆیە مەترسیی پێکدادان هەیە."
 
گوتەکانی گۆتێرێز لە کاتێکدایە، ساڵێک و دوو مانگە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا، گرژییەکانی چین و تایوان لە پێکدادان و جەنگ نزیکبووەتەوە و 10 رۆژیشە شەڕێکی خوێناوی لەنێوان دوو هێزی گەورەی سەربازیدا لە سوودان سەریهەڵداوە.
 
لەبارەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە گۆتێرێز گوتی، ئەوەی رووسیا دەیکات "داگیرکارییە" و بووەتە هۆکاری ئازار و وێرانکاری لە ئۆکراینا.
 
لە بەرامبەر قسەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، لاڤرۆڤ رەخنەی تووندی لە ئەنجوومەنی ئاسایش گرت و باسی لەوە کرد، "ناوەندی سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان بە قەیرانی گەورەدا تێدەپەڕێت". لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش هەوڵی گۆڕینی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەدەن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دۆخی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی جەنگی سارد سەختترە و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی متمانە و هاوئاهەنگیکردن گەڕاندەوە.
 
بەشداریکردنی گۆتێرێز لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکە لە ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینا و رووسیا بە دەریای رەشدا.
 
لە 18ی ئاداری 2022دا رووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیریی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێکیان لە ئیستەنبووڵ واژۆ کرد تاوەکو هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینا و رووسیا بەنێو دەریای رەشدا بەردەوام بێت.
 
لە 18ی ئاداری 2023 و دوای دیالۆگ لەنێوان رووسیا، ئۆکراینا، نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا رێککەوتنەکە بۆ ماوەی دوو مانگ درێژکرایەوە.
 
ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت دووبارە رێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز باسی لەوە کرد، بەردەوامیدان بەو رێککەوتنە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاسایشی باشتر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە