دادگەی لەندەن پێداچوونەوە بە بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەکات

24-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگەی پێداچوونەوەی لەندەن سەبارەت بە پرسی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بەڕێوەدەچێت. تێیدا بڕیار لەوە دەدرێت کە ئایا دادگەی باڵای لەندەن لە بڕیاردانەکەیدا سەبارەت بە پرسی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا هەڵەبوون یاخود نا.
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 24ی نیسانی 2023 دانیشتنی یەکەمی دادگەی پێداچوونەوەی لەندەن بەڕێوەبچێت و کۆمەڵێک کەسایەتی لە وڵاتانی عێراق، سووریا و ئێران هەوڵ دەدەن بڕیارەکەی دادگەی باڵای لەندەن هەڵبگێڕنەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی پار لە دژی پەناخوازان دەریکرد.
 
ساڵی رابردوو، دادگەی پێداچوونەوەی بەریتانیا بە سەرکردایەتیی هەریەک لە دادوەر لویس و دادوەر سویفر زنجیرەیەک داوای یاسایی لە دژی پلانەکانی حکومەت بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا رەتکردەوە، بەڵام چانسێکی دیکەی دا بە ژمارەیەک کەسایەتی بۆئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن. ئەوکات، دادگەی باڵای لەندەن رایگەیاند، ئەو رێکارانەی بەرامبەر کۆچبەری نایاسایی دەگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی پەناخوازان، یاسایین.
 
رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی 2023، دادگەی باڵای لەندەن، رێکخراوی ئەسایلم ئەید، کە گرووپێکی پاڵپشتیکاری پەناخوازانە ئاگادارکردەوە کە دەتوانێت داوا لە دادگەی پێداچوونەوە بکات بۆئەوەی پێداچوونەوە بۆ رەهەندەکانی بڕیارەکە بکات.
 
چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی دادگە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت. لە دانیشتنەکاندا، داوا لە دادگەی پێداچوونەوە دەکرێت بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە ئایا ئەو دوو دادوەرە هەڵە بوون لە گەیشتن بەو بڕیارەی کە پارێزگاریی پێویست هەیە بۆئەوەی پەناخوازان بنێردرێنەوە وڵاتێک کە مەترسیی چەوساندنەوەیان لەسەرە و ئایا بڕیاری رواندا "بە شێوەیەکی سیستماتیکی دادپەروەرانەیە یان نا."
 
رێکخراوی خێرخوازیی ئازادبوون لە ئەشکەنجەدان، کە وەکو لایەنی سێیەم لە داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگە بەشدارە، لەدوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەڵگەی پێویستی بۆ دادگەی باڵا خستەڕوو دەڵێت، سیاسەتی سوێلا براڤەرمانی وەزیری نێوخۆی بەریتانیا مەترسیی ئەشکەنجەدان دەخاتە سەر رزگاربووانی ئەشکەنجە.
 
سۆنیا سیتس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە دەڵێت، "ئەم کەیسە مەترسی دەخاتە سەر سەلامەتیی رزگاربووانی ئەشکەنجە و چەوساندنەوە لە وڵاتانی وەکو ئەفغانستان و ئێران." دەشڵێت، دادگە هەر بڕیارێک بدات "ئەم سیاسەتە قبووڵکراو نییە و دژی ئەو هاوسۆزییەیە کە دەبێت ئێمە پێشانی ئەو خەڵکەی بدەین کە پێویستییان بە هاوکاریی ئێمەیە."
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 26ی نیسان، پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێی پلانی دیپۆرتکردن بۆ رواندا و پرۆژەیاسای کۆچی نایاسایی بکات کە بەشێکن لە سیاسەتی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بۆ وەستاندنی ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا.
 
چوونی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بووەتە سەرئێشە بۆ حکومەتی وڵاتەکە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، لە ساڵی رابردوودا، 45 هەزار و 756 کەس نۆکەندی ئینگلیزیان لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بڕیوە و هەوڵی گەیشتیان بە بەریتانیا داوە.
 
حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی بە بەهای 170 ملیۆن دۆلار لەگەڵ رواندا واژۆکردووە سەبارەت بە ناردنی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر کۆچبەرێک لەدوای 01-01-2022 رووی لە بەریتانیا کردبێت رەوانەی وڵاتە ئەفریقییەکە دەکرێت.
 
بەڵام ئەو بڕیارە بێ ئاستەنگ نەمایەوە، لەنێویدا، لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، لە دواساتەکاندا دادگەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی هەڵپەسارد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.