حکومەتی تایلاند: عێراق گەورەترین هاوردەکاری برنجەکەمانە

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تایلەند دەڵێت، بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک، عێراق گەورەترین هاوردەکاری برنجی وڵاتەکەیە، بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دوو ملیۆن تۆن برنجیان هەناردە کردووە کە تەنیا عێراق 16.4%ی هاوردەکە پێکدەهێنێت.
 
رۆژی دووشەممە 24ی نیسانی 2023 رۆنارۆنگ فوولپیپات، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بازرگانیی دەرەوەی تایلەند بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دوو ملیۆن تۆن برنجیان بە بەهای 38.1 ملیار باتی تایلەندی [دراوی وڵاتەکەیە] کە دەکاتە یەک ملیار و 104 ملیۆن دۆلار، برنجیان هەناردە کردووە. ئەو قازانجەش، وەکو خۆی دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو 29.3% زیادی کردووە.
 
فوولپیپات دەشڵێت، لەو ماوەیەدا عێراق گەورەترین هاوردەکاری برنجی وڵاتەکەی بووە، بە جۆرێک 16.4%ی کۆی بەرهەمی برنجی تایلەند لەلایەن عێراقەوە هاوردە کراوە.
 
هەریەکە لە ئیندۆنیزیا بە هاوردەکردنی 13.1%، ئەمریکا بە 8.62% و ئەفریقای باشوور بە رێژەی 8.24% لەدوای عێراقەوە دێن.
 
ئەو بەرپرسەی تایلەند دەشڵێت، زیادکردنی هەناردەی برنج بۆ زیادبوونی خواست لەلایەن عێراق، ئیندۆنیزیا، ئەفریقای باشوور، بەنگلادیش و سەنیگالەوە دەگەڕێتەوە.
 
هاوکات، وەزارەتی کشتوکاڵی تایلەند پێشبینی دەکات لەمساڵدا بەرهەمی برنجی وڵاتەکە زیاد بکات، هۆکارەکەش بۆ هەبوونی سەرچاوەی ئاوی پێویست دەگەڕێنێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی تایلەند، لە ساڵی رابردووشدا عێراق گەورەترین هاوردەکاری برنجی وڵاتەکە بووە، بە جۆرێک 1.6 ملیۆن تۆن برنجی هاوردە کردووە، ئەو رێژەیەش بەراورد بە ساڵێک پێشتر 458% زیادی کردووە.
 
جوورین لاکساناویسیت، وەزیری بازرگانیی تایلەند دەڵێت، خواست لەسەر برنجی وڵاتەکەی لە بازاڕی جیهاندا لە زیادبووندایە و پێشبینی دەکات هەناردەی برنج بۆ ئەمساڵ بگاتە هەشت ملیۆن تۆن.
 
لای خۆیەوە، فەرمانگەی بازرگانیی دەرەوە دەڵێت، ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەناردەی برنج بۆ بازاڕی جیهان بگەیێننە سەروو 7.5 ملیۆن تۆن.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی تایلەند، لە ساڵی 2022دا هەناردەی برنجی وڵاتەکە 7.65 ملیۆن تۆن بووە و لە ساڵی پێشتردا 6.3 ملیۆن تۆن بووە.
 
لە ساڵی 2022دا، تایلەند، لەدوای هیندستان بە دووەم گەورەترین هەناردەکاری برنج دەستنیشان کرا. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەوکات هیندستان 21.9 ملیۆن تۆن برنجی هەناردە کردبوو.