لە لەندەن بە درووشمی 'لە خەو هەستن' خۆپێشاندان بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان بەڕێوەچوو

 
رووداو دیجیتاڵ

'لە خەو هەستن " و "رووبارەکان بپارێزن" ئەمانە بەشێکن لە درووشمی خۆپێشاندانەکانی لەندەن؛ خۆپێشاندەران داوا دەکەن حکومەتی بەریتانیا کاری زیاتر بکات بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان. ئەوەش لە کاتێکدایە، بەریتانیا 78%ی وزەکەی لە نەوت، گاز و خەڵووز بەدەستدەخات.
 
خۆپێشاندانەکەی لەندەن بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت 100 هەزار کەس بەشداریی تێدا بکەن.
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت، "سەرکردەکان دەبێت پێشڕەوی بکەن، بەڵام ئەوان لەبارەی ئەو کارانەی کە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا دەیکەن، راست ناکەن. ئەوان سووتەمەنییە بە بەردبووەکان ناوەستێنن."
 
لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکاش، خۆپێشاندەران لەبەردەم کۆشکی سپی داوای کردار نواندن لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن. بەگوێرەی پەیمانگەی وزە و ژینگەی ئەمریکی، وڵاتەکە بەرپرسە لە دەردانی 30%ی گازی کاربۆن لە جیهاندا.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وەکو هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بە بڕیارێکی جێبەجێکاری نووسینگەیەک بۆ دادیی ژینگەیی دروستدەکات. 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دادیی ژینگەیی لە هەموو ئاژانسە فیدراڵییەکان بەرپرس دەبێت. ئەوەش مانای ئەوەیە کە دەبێت هەموو ئاژانسە فیدراڵییەکان کاریگەریی ژینگەیی و تەندروستی لەسەر کۆمەڵگەکان بە هەند وەربگرن و رێگری لە کاریگەریی خراپی بکەن."
 
لە مۆنتریالی کەنەداش، هەزاران کەس چوونە سەر شەقامەکان و داوای بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایان کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە نزیکەی 13 ملیۆن کەس بە هۆکاری پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەواوە گیان لەدەستدەدەن.
 
دیارترین هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەواش بریتین لە بەرهەمهێنانی کارەبا، کارگەکان، ئامرازەکانی گواستنەوە و بڕینی دارستانەکان، کە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای وەستان یان کەمکردنەوەیان دەکات.