لە ئەوروپا ساڵانە 1200 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ بەهۆی پیسبوونی هەوا گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی ژینگەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ساڵانە هەزار و 200 کەسی ژێر 18 ساڵ کە بە "منداڵ" پۆلێنکراون، لە سەرتاسەری ئەوروپا بەهۆی پیسبوونی هەواوە بە مردنی پێشوەختە گیان لەدەستدەدەن.
ئاژانسی ژینگەی یەکێتیی ئەوروپا ئەمڕۆ (دووشەممە، 24ـی نیسانی 2023) لە راپۆرتێکدا ئەنجامی توێژینەوەیەکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، وێڕای پێشڤەچوونەکانی ئەم دواییە، "ئاستی پیسکەرە سەرەکییەکانی هەوا لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی ئەوروپی لە سەروو رێنماییەکانی تەندروستیی جیهانییەوەیە، بەتایبەتیش لە وڵاتانی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئیتاڵیا".
توێژینەوەکە دەڵێت "پیسبوونی هەوا لە ئەوروپا، ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 200 کەسی ژێر 18 ساڵ بە مردنی پێشوەختە و، مەترسیی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشیی لە تەمەنێکی دیکەدا زیاتر دەکات". ئەوەش دەبێتە یەکەم توێژینەوەی دەزگاکە کە لەسەر منداڵان و مێرمنداڵانی تەمەن ژێر 18 ساڵ دەکرێت.
راپۆرتەکە باسی لە وڵاتانی پیشەسازیی گەورەی وەکو رووسیا، ئۆکراینا و بەریتانیا نەکردووە. بۆیە مەزەندە دەکات ژمارەی گیانلەدەستدان لە کیشوەری ئەوروپا و رۆژئاوای ئاسیا، زیاتر بێت.
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، ئاژانسەکەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندبوو لە ساڵی 2020 دا، 238 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە بە مردنی پێشوەختە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئایسلەند، لیشنیشتاین، نەرویج، سویسڕا و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، "هەرچەندە ژمارەی مردنی پێشوەختە بۆ ئەم تەمەنە بەراورد بە کۆی دانیشتووانی یەكێتیی ئەوروپا نزمە، بەڵام مردنی پێشوەختە نیشانەیە بۆ نەخۆشیی درێژخایەن لە منداڵی و تەمەنی بەرزتردا".
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، 97٪ـی دانیشتووانی نێو شارەکان لە ساڵی 2021 ئەو ستانداردەی کوالێتیی هەوایان نەبووە کە لەلایەن تەندروستیی جیهانییەوە دیاریکراوە.
پارساڵ، ئاژانسی ژینگەی یەکێتیی ئەوروپا پێشبینی کرد، تاوەکو ساڵی 2030 بە بەراورد بە ساڵی 2005 رێژەی گیانلەدەستدان بە مردنی پێشوەختە لە ئەوروپا بە رێژەی 50٪ کەمدەبێتەوە.
لە ساڵەکانی 1990 پیسبوونی هەوا لە 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپادا ببووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی یەک ملیۆن کەس بە مردنی پێشوەختە. ژمارەکە لە ساڵی 2005 بۆ 431 هەزار دابەزی.