زیلینسکی: وەک چۆن سەدام لە کوێت دەرچوو، پووتینیش ئەوها ئۆکراینا جێدەهێڵێت

24-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
نیشانەکردن ئۆکراینا سەدام حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، هەروەک چۆن سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق کوێتی جێهێشت، بە هەمانشێوە ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیاش لە ئۆکراینا دەچێتە دەرەوە.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای سعودی، رۆژی یەکشەممە (23-4-2023) گوتی، متمانەی بە سوپای وڵاتەکەی هەیە، کە سەرەنجام لە جەنگی لەگەڵ رووسیادا سەردەکەوێت و گوتی: "لە کۆتاییدا پووتین، بە دۆڕاوی دەچێتە دەرەوە، هەروەک چۆن سەدام کوێتی جێهێشت". 
 
سەرۆکی ئۆکراینا هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، وەکو خۆی دەڵێت "پووتین شەڕ لەپێناو خۆیدا دەکات، نەک لەپێناو رووسیا". 
 
زیلینسکی گوتیشی جەنگی ئەوان لەگەڵ رووسیا ئەوکاتە دەستیپێکردووە کاتێک لە شوباتی 2014 رووسیا دەستی بەسەر نیمچە دوورگەی کریمیادا گرت. دەشڵێت: "هەست بە پەشیمانی" دەکات، کە لەو کاتەوە شەڕیان لە دژی رووسیا نەکردووە.
 
لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە 24ـی شوباتی 2022 دەستیپێکرد، تائێستا دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی، جەنگەکە بووەتە هۆی دروستبوونی گەورەترین قەیرانی کۆچبەری لە ئەوروپاوە لەوەتەی جەنگی دووەمی جیهانییەوە.
 
هاوکات، زیلینسکی داوای وڵاتەکەی بۆ پێدانی چەک دووپاتکردەوە و گوتی کە بەبێ پێدانی پاڵپشتیی چەک و تەقەمەنی لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە، بردنەوەی جەنگەکە "دوادەکەوێت". 
 
رۆژی 2ـی ئابی 1990 سوپای پێشووی عێراق پەلاماری کوێتی دا و لە ماوەی دوو رۆژدا داگیری کرد، دواتر حکومەتێکی بە سەرۆکایەتی عەقید عەلا حوسێن بەناوی کۆماری کوێت دروستکرد و، لە رۆژی 9ـی ئابی 1990، سەدام حوسێن بڕیاری دا کوێت بخاتە سەر عێراق و سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئەو وڵاتە دابخات، بەڵام لە 26ـی شوباتی 1991 هێزەکانی هاوپەیمانان سوپای عێراقیان لە کوێت وەدەرنا.
 
دوای ئەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 3ـی نیسانی 1991 بڕیاری ژمارە 687ـی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە حوکمەکانی ئاگربەست لەنێوان عێراق و کوێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.