نووری مالیکی: دەستمان لە دۆسیەى گەڕانەوەى داواکراوان وەرنەداوە

24-04-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو – هەولێر

سەرۆکى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى رایگەیاند؛ دۆسیەى داواکراوان لەلایەن دادگەوە بۆ مەبەستى سیاسیی دەقۆزرێتەوە و دەڵێت :"هەموو هەوڵێک رەتدەکەینەوە بۆ دروستکردنى کاریگەریى لەسەر دادگەکان و دەستمان لەو پرسە وەرنەداوە".
 
 24ى نیسانى 2022، نوورى مالیکى لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، کە بەمدواییە دۆسیەى داواکراوان لەلایەن دادگەوە قۆستراوەتەوە "بەمەبەستى موزایەدەى سیاسى و تۆمەتبارکردنى ئەم لایەن و ئەو لایەن"
 
مالیکى رایگەیاند، دەستوەردانیان لەو دۆسیانە نەکردووە و هەموو هەوڵێکیش رەتدەکەنەوە بەمەبەستى دروستکردنى گوشار لەسەر دادگەکان و دەڵێت:" متمانەمان بە دادگەکانە کە پەیوەست دەبن بە لایەنگیریى دادوەریى و ویست و  گۆڕانکارییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەریان نابێت".
 
ئەو کاردانەوەیەى مالیکى دوای ئەوە هات کە عەلی حاتەم سلێمان، سەرۆک هۆزی دلێمى سوننى رایگەیاند، کە گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا. 
 
عەلى حاتەم سلێمان ماوەى هەشت ساڵە لە دەرەوەى عێراقە، دوای ئەوەى تۆمەتبارکرا بەتیوەگلان لە تیرۆر، ئەو کاتەى نوورى مالیکى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
 
هەواڵى گەڕانەوەى ئەو کەسایەتییە سوننەى ئەنبار بۆ عێراق، بەسترایەوە بە هەوڵى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان بۆ بێهێزکردنى پێگەى بەرپرسانى هاوپەیمانى سەروەرى بەتایبەت، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و هاوپەیمانى تەقەدووم.
 
 مالیکى  داواى لە کەناڵەکانى راگەیاندن و چالاکڤانان کردووە وردبن و بەبێ بەڵگە تۆمەت نەبەخشنەوە .
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە