ئەنجامی بەرایی؛ ئیمانوێل ماکرۆن جارێکی دیکە بووەوە سەرۆکی فەرەنسا

24-04-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا توانیویەتی بەسەر مارین لوپێنی رکابەریدا سەربکەوێت و لەنێوان 57٪ بۆ 58.5٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا لوپێن لەنێوان 41.5٪ بۆ 43٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-04-2022 گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا بەبەشداریی زیاتر لە 70٪ـی دەنگدەرانی فەرەنسا بەڕێوەچوو. لە ئەنجامە بەراییەکان جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە هەیە، بەو پێیەش بێت، ماکرۆن دەتوانێت بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆککۆماری فەرەنسا.
 
سەرەڕای ئەوەی لوپێن لە ئەنجامە بەراییەکان دەنگی کەمتری بەدەستهێناوە، بەڵام هەڵبژاردنەکان بە "سەرکەوتنێکی ناوازە" ناودەبات و، بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە سیاسەتەکانی و ئاماژەی بەوە دا، هەرگیز وازناهێنێت.
 
ماکرۆن سەرۆکێکی میانڕەو و ئەوروپیخوازە، ئەوەش وایکرد راستەوخۆ دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، ئۆرسولا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، ماریۆ دراگی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان پیرۆزبایی لێبکەن و چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی و کۆتایی نەکەن.
 
بەراورد بە هەڵبژاردنی 2017 جیاوازیی رێژەی دەنگدان لە نێوان دوو بەربژێرەکە کەمترە. لەو هەڵبژاردنەدا ماکرۆن 66٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
ئەو جیاوازییە زۆرەی لە نێوان رێژەی دەنگەکان هەیە، وا دەکات ماکرۆن ئاسوودەتر و بەدڵنیاییەوە لە ئەنجامەکان بڕوانێت. ئەو یەکەم کەسە لە دوای 2002ـەوە کە بۆ دووەمجاری لەسەر یەک ببێتە سەرۆککۆماری فەرەنسا.
 
ئیمانوێل ماکرۆن 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، پێنج ساڵ لەمەوبەر کلیلی دەرگای کۆشکی ئیلیزێی لە فرانسوا ئۆلاند وەرگرت. ماکرۆن ئەو سیاسەتڤانەی نە بە راستڕەو دادەندرێت و نە چەپڕەو. 
 
لە 2016ـدا، ماکرۆن شۆڕشێکی سیاسی لە فەرەنسا بەرپاکرد، پارتی کۆماریی بەرەوپێشەوەی دامەزراند. کەسێکی لیبراڵی ئەوروپیخوازە، دەیەوێت پێگەی فەرەنسا لەنێو ئەوروپا و جیهاندا بەهێزبکات. ماکرۆن لەگەڵ بەهێزکردنی هاوپەیمانی ناتۆیە، لە ماوەی شەڕی ئۆکراینادا رۆلێکی دیپلۆماسیی سەرەکیی گێڕاوە، ئەمەش لە راپرسییەکاندا لە بەرژوەندیی ئەودا رەنگیداوەتەوە. 
 
ئیمانوێل ماکرۆن دژی ئەوەیە سەرپۆش و لەچک قەدەخەبکرێت، لەسەر پرسی کۆچبەران رەخنەی تووندی لە رکابەرەکەی هەیە کە هەڕەشەی رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەران دەکات. ماکرۆن ئەجێندای ماری لوپێن بە "نەتەوەپەرست" نێودەبات و خۆیشی بە "سەرکوتکار و خۆسەپێن." 
 
لەچوارچێوەی شەڕی گۆڕانی کەشوهەوادا، ماکرۆن دەیەوێت فەرەنسا بکاتە یەکەمین وڵات کە چیدی خەڵووز و گاز بەکارنەهێنێت، بەڵێنیداوە شەش وێستگەی دیکەی ئەتۆمیی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دروستبکات. 
 
ماکرۆن گەنجترین سەرۆکی فەرەنسایە و تەمەنی 44 ساڵە. ماکرۆن لە هەڵبژاردنی 2017ـدا لەگەڵ ماری لوپێن گەیشتە خوولی دووەمی هەڵبژاردن و دوو هێندەی خانمە رکابەرەکەی دەنگی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە