فەرەنسییەکان سەرۆک هەڵدەبژێرن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 09:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا دەستیپێکرد و تەنیا دوو بەربژێریش، کە رکابەرایەتی یەکتری دەکەن، بریتین لە ئیمانوێل ماکرۆن و ماری لوپێن. 
 
راپرسییەکان دەریدەخەن، ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، بەڵام هەندێک بابەتیش هەن دەکرێ ئەمە بگۆڕن، سەرەکیترینیان ئەوەیە کە ئایا ژمارەیەکی زۆر لە پاڵپشتیکارانی سەرۆکی ئێستای وڵات بەشداری لە پڕۆسەکە دەکەن یان رێژەی بەشداریکردنیان نزم دەبێت. 
 
یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی دەنگدانەکە دەبێت بریتییە لە دەنگی ئەو بەربژێرانەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە پلەی یەکەم و دووەمدا نەهاتن، بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە سەرنەکەوتن. سەرەکیترینی ئەو بەربژێرانە ژان میلانشۆ بوو کە لە گەڕی یەکەمدا 22٪ی دەنگەکانی بردەوە. میلانشۆ بە دەنگدەرانی نەگوتووە کە پاڵپشتی لە ماکرۆن بکەن، بەڵام گوتوویەتی نابێت دەنگ بە لوپێن بدەن. 
 
سەرکەوتنی ماکرۆن لەم هەڵبژاردنەدا کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتووی ئەوروپا و هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکراینا دەبێت؛ ئەگەر ماکرۆن سەربکەوێت، ئەوا دەبێتە دووەمین بەربژێر لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا دوای جاک شیراک، دووجار هەڵبژاردنی بەسەریەکەوە بردبێتەوە. 
 
پلان و پڕۆگرامی ئەم دوو بەربژێرە زۆر لە یەکتری جیاوازە؛ ماکرۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت پەیوەندییەکی بەهێزتر لە ئێستا لەنێوان ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپادا هەبێت و کاریش بکرێت بۆ ئەوەی پێگەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئاستی جیهان بەهێزتر بێت؛ هەرچی لوپێنە پێیوایە دەبێت فەرەنسا هاوشێوەی ئێستای لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا نەبێت؛ نەیارانی دەڵێن، ئەوەی لوپێن داوای دەکات هاوشێوەی برێگزیتە. 
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە کە 10ی نیسان بەڕێوەچوو، لە نێو 12 بەربژێردا ماکرۆن 27.9٪ی  دەنگەکان و ماری لوپێنیش 23.2٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. 
 
نزیکەی 48.7 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی فەرەنسا مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن و بنکەکانی دەنگدانیش لە کاژێر 9:00ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان دادەخرێن و دواتریش ئەنجامی دەنگدان بەرە بەرە دەردەکەوێت.