سەرۆکی ئۆکراینا: رووسیا دەیەوێت کیێڤ بە هێرشەکەی سەر مۆسکۆ تۆمەرتبار بکات

24-03-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، گوتەکانی سەرۆکی رووسیا لەبارەی هێرشەکەی سەر مۆسکۆ هەوڵێکە بۆ تۆمەتبارکردنی وڵاتەکەی بە کردنی هێرشەکە.
 
رۆژی شەممە 23ی ئاداری 2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "ئەوەی لە مۆسکۆ روویدا، ئەمە روونە کە پووتین و کەسە پیسەکانی دیکە هەوڵی گۆڕینی لێپرسراویەتی هێرشەکە بۆ کەسێکی دیکە دەدەن." هەروەها دەشڵێت، "هەموو کات هەمان رێگەیان هەیە و ئەمە پێشتر روویداوە؛ رووداوی تەقاندنەوەی ماڵان، تەقەکردن و تەقینەوە هەبوون بەڵام هەموو کات کەسانی دیکە تۆمەرتبار دەکەن."
 
سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییانی رووسیا و قسە بۆ کردنیان، پووتین تەواوی رۆژەکە بە بێدەنگی بەسەردەبات و بیر لەوە دەکاتەوە چۆن هێرشەکە بە ئۆکرایناوە ببەستێتەوە. هەموو شتێک تەواو پێشبینی کراوە."
 
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئۆکراینا دوای ئەوە دێن کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی هێرشەکەی شەوی هەینی سەر ئاهەنگەکەی مۆسکۆ رایگەیاند، "هەر چوار تاوانبارە راستەوخۆکەی هێرشە تیرۆریستییەکە، هەموو ئەوانەی تەقەیان کرد و خەڵکیان کوشت دۆزراونەتەوە و دەستگیرکراون. هەوڵی خۆشاردنەوە و رۆیشتنیان بەرەو سنوورەکانی ئۆکراینا دەدا، کە بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، رێڕەوێکیان لە دیوی ئۆکرایناوە بۆ بڕینی سنوورەکانمان بۆ ئامادە کرابوو."
 
تاوەکو ئێستا کوژرانی زیاتر لە 150 کەس و برینداربوونی نزیکەی 100ی دیکە لە هێرشەکەی سەر مۆسکۆدا پشتڕاست کراوەتەوە. بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزتر ببێتەوە، بەو پێیەی برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە.
 
داعشی خۆراسان بەرپرسیاریێتی خۆی لەو هێرشەدا راگەیاندووە. بەشێک لە وڵاتانی یار و نەیاری مۆسکۆش هێرشەکەیان سەرکۆنە کردووە و داواشیان کردووە، هێرشەکە نەبێتە هۆی فراوانبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئۆکراینا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاووڵاتییانی ئەڵمانیا گوڵ لە شوێنی رووداوەکە دادەنێن. وێنە: Ronny Hamann- AFP

پۆلیسی ئەڵمانیا: هێرشکارەکەی بازاڕی کریسمس لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی ناڕازیبووە

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەو کەسەی شەوی رابردوو بە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕێکی کریسمس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە 5 کەسی کوشت و زیاتر لە 200ـی دیکەی بریندارکرد، لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی سعودیە ناڕازیبووە.