بەرپرسانی رووسیا: 10 مووشەکی ئۆکراینامان لە نیمچە دوورگەی کریمیا خستنەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری شارێکی کریمیا رایگەیاند، ئۆکراینا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر شارەکەیان و توانیویانە 10 مووشەک بخەنە خوارەوە؛ پاشماوەی مووشەکەکانیش بوونەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس.
رۆژی شەممە 23ی ئاداری 2024 میخایل رازۆژایێڤ، پارێزگاری شاری سیڤاستۆپۆل لە هەرێمی کریمیا لەبارەی هێرشی مووشەکیی کیێڤ بۆ سەر ناوچەکانیان رایگەیاند، "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 10 مووشەکمان خستوونەتە خوارەوە."
نیمچە دوورگەی کریمیا کەوتووەتە باشووری ئۆکراینا، لە ساڵی 2014وە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە.
پارێزگاری شاری سیڤاستۆپۆل کە لەلایەن مۆسکۆوە دانراوە، دەڵێت، پاشماوەی ئەو مووشەکانەی خستیاننە خوارەوە، بوونە هۆی برینداربوونی منداڵێک و ژنێک.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئۆکراینا هیچیان لەبارەی هێرشەکەوە نەگوتووە.
ئەو هێرشە بۆ سەر نیمچە دوورگەی کریمیا لە کاتێکدایە، شەوی هەینی ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر هۆڵێک لە باکووری مۆسکۆ و بەهۆیەوە زیاتر لە 150 کەس کوژران و نزیکەی 100ی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزتر ببێتەوە، بەو پێیەی برینی بەشێک لە بریندارەکان قورسە.
هەرچەندە داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشەدا راگەیاندووە، بەڵام ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی هێرشەکەی شەوی هەینی بۆ سەر ئاهەنگەکەی مۆسکۆ رایگەیاند، "هەر چوار تاوانبارە راستەوخۆکەی هێرشە تیرۆریستییەکە، هەموو ئەوانەی تەقەیان کرد و خەڵکیان کوشت، دۆزراونەتەوە و دەستگیر کراون. هەوڵی خۆشاردنەوە و رۆیشتنیان بەرەو سنوورەکانی ئۆکراینا دەدا کە بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، رێڕەوێکیان لە دیوی ئۆکرایناوە بۆ بڕینی سنوورەکانمان بۆ ئامادە کرابوو."
لە بەرامبەر ئەو گوتانەی پووتیندا؛ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "ئەوەی لە مۆسکۆ روویدا، ئەمە روونە کە پووتین و کەسە پیسەکانی دیکە هەوڵی گۆڕینی لێپرسراویێتی هێرشەکە بۆ کەسێکی دیکە دەدەن." هەروەها دەشڵێت: "هەموو کات هەمان رێگەیان هەیە و ئەمە پێشتر روویداوە؛ رووداوی تەقاندنەوەی ماڵان، تەقەکردن و تەقینەوە هەبوون، بەڵام هەموو کات کەسانی دیکە تۆمەرتبار دەکەن."
بەشێک لە وڵاتانی یار و نەیاری مۆسکۆش هێرشەکەیان سەرکۆنەکردووە و داواشیان کردووە هێرشەکە نەبێتە هۆی فراوانبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئۆکراینا.