تیکتۆک ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و چین زیاتر دەکات؛ کۆنگرێس داوای روونکردنەوە لە کۆمپانیاکە دەکات

25-03-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرێسی ئەمریکا بانگهێشتی شاو چو، بەڕێوبەری جێبەجێکاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکی کرد، تاوەکو هەرچی لە توانایدایە بۆ رەواندنەوەی ئەو ترسەی ئەمریکییەکان لە تیکتۆک هەیانە، بیکات. ئەویش گومانی سیخوڕبوونی تیکتۆکە بەسەر زانیارییە تایبەتییەکانی بەکاربەرانی ئەمریکاوە و فرۆشتنیانە بە پارتی کۆمیونیستی چین.
 
کاسی مەکمۆریس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، "بەڕێز چو، تۆ لێرەیت چونکە خەڵکی ئەمریکا راستییەکانیان لەبارەی ئەو هەڕەشەیەوە دەوێت، کە تیکتۆک دەیکاتە سەر ئاسایشی نیشتمانی و تایبەتیمان. تیکتۆک بە نزیکەیی هەموو زانیارییەک کە بە خەیاڵدا دێت کۆیدەکاتەوە، لە لۆکەیشنی خەڵکەوە بۆ ئەوەی دەینووسن و کۆپی دەکەن؛ قسە لەگەڵ کێ دەکەن؛ زانیاری بایۆمەتری و شتی دیکەش."
 
بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە، ئەوەی تیکتۆک دەیکات لەخشتەبردنی کۆمەڵگەی ئەمریکییە لە رێگەی ئەو بابەتانەوە رۆژانە بە منداڵ و مێرمنداڵانی نیشاندەدات. بەڵگەشیان بۆ تۆمەتەکە ئەوەیە، حکومەتی چین رێگە نادات هەمان وەشانی تیکتۆک لە وڵاتەکەی خۆیدا کاربکات، بەڵکو وەشانێکی دیکە بە ناوی دۆوین پێشکێش دەکات، کە بابەتی پەروەردەیی و بەسوودی لێوە بڵاودەکاتەوە و ماوەی بەکارهێنانیشی سنووردارە.
 
بیڵ جۆنسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و پسپۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری گوتی، "سانسۆری زۆر گەورە کە لە دۆویندا هەن لە تیکتۆکیشدا دانراون، بەڵام کوژاونەتەوە. چاودێران دەڵێن، بە هۆکاری نادیار سنوورە گشتییەکەی نێو سستمەکە وەک خۆی ماوەتەوە."
 
شاو چوو، لە وەڵامی تۆمەتەکاندا دەڵێت، تیکتۆک کۆمپانیایەکی چینی نییە و تەواوی ئەو تۆمەتانە زیادەڕۆییان تێدا کراوە.
 
شاو چو، بەڕێوبەری جێبەجێکاری تیکتۆک باسی لەوە کرد، "ئێستا تیکتۆک خۆی لە چیندا نییە. بارەگای سەرەکیمان لە لۆس ئەنجلوس و سەنگاپوورە. هەروەک 7000 کارمەندمان لە ئەمریکا هەیە، بەڵام هێشتا گوێمان لە نیگەرانی دەبێت کە ئێمە خواستی ئەوەمان هەیە دەستی دەرەکی بگاتە زنیارییەکانی ئەمریکا. ئێمە هەرگیز نەمانویستووە ئەم نیگەرانییانە دروستبکەین."
 
چین لەو بارەیەوە بێدەنگ نەبوو؛ لەبارەی تۆمەتەکانەوە دەڵێت، بێ بەڵگەن و هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە زانیاریی تایبەتی هاووڵاتییان لە وڵاتان پێچەوانەی یاسایە و لە کاری پەکینەوە دوورە.
 
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین روونیکردنەوە، "ئەمریکا دەبێت رێز لە بنەماکانی بازاڕ و ئابووری و رکابەری رەوا بگرێت و لە سزادانی بێ هۆکاری کۆمپانیاکان بوەستێت کە لە ئەمریکا کار و وەبەرهێنان دەکەن."
 
بەرپرسانی ئەمریکا، چین بە گەورەترین هەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان و تیکتۆکیان لە تەواوی فەرمانگە حکومییەکان و بەشێک لە ناوەندە پەروەردەییەکان قەدەخەکردووە. پێشبینیش دەکرێت، ئەگەر بایت دانس ئامادە نەبێت تیکتۆک بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشێت، کۆنگرێس ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە تەواوی ئەمریکادا قەدەخە بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە