سانت لیگۆ؛ نزیکەى سەدەیەکە براوەى هەڵبژاردن دیاریدەکات

24-03-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوکێشەی سانت لیگۆ بۆ هەژمارکردنى دەنگەکانى هەڵبژاردن پێش زیاتر لە سەدەیەک لەلایەن زانایەکى بیرکارییەوە دۆزرایەوە. ئێستا ئەو هاوکێشەیە چەقى ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانى عێراقە کە تێیدا براوەى یەکەم نرخى کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا دیاریدەکات. 
   
بڕیارە 25ـى ئادارى 2023، پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان بەو بڕگانەى هەموارى یاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە ماوە دەنگیان لەبارەیەوە بدرێت.
 
یەکێک لەو بڕگانەى دەنگى لەسەر دەدرێت پەیڕەوکردنى سیستمى سانت لیگۆیە بۆ هەژمارکردنى دەنگ و دابەشکردنى بەسەر کورسییەکاندا، کە لەلایەن پەرلەمانتارانى سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆنەوە رەتدەکرێتەوە و خۆپێشاندەرە تشرینییەکانیش داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکەن.  
 
چیرۆکى بەر لە سەدەیەک
 
بیردۆزى سانت لیگۆ یان شێوازى دابەشکردنى دەنگ بەسەر کورسییەکاندا بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە. سیستمەکە لە ساڵى 1910 لەلایەن ئەندرێ سان لیگۆ داهێندراوە، کە پسپۆڕێکى بیرکاریى فەرەنسییە.
 
لە بنەڕەتدا دانانى ئەو سیستمە بۆ کەمکردنەوەى خەوشى هەڵبژاردنەکان بووە لە نێوان ژمارەی دەنگەکان و بەربژێرە سەرکەوتووەکاندا.
 
بۆ یەکەمجار سیستمى سانت لیگۆ لە ساڵى 1951 لە هەڵبژاردنەکانى سوێد و نەرویج پەیڕەوکرا، دواتر لە نیوزلاند جێبەجێکرا.
 
چیرۆکى سانت لیگۆ لە عێراق 
 
بۆ یەکەمجار سیستمى سانت لیگۆ لە عێراق ساڵى 2013 بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان جێبەجێکرا، دواتر لە هەڵبژاردنى پەرلەمانیدا لە 2014 بەهەمانشێوە کار بەو سیستمە کرا. 
 
پرۆسەى هەژمارکردنى دەنگ و دابەشکردن بەسەر کورسییەکاندا بەگوێرەى سیستمى سانت لیگۆ لە ساڵى 2021 راگیرا، کاتێک لە 10ـى تشرینى یەکەمى ئەو ساڵەدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کرا.
 
بۆ جارێکى دیکە لە رێگەى هەموارى یاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق سیستمى سانت لیگۆ گەڕێندراوەتەوە، کە جێگەى ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتارانى سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆنە.
 
ئەو سیستمى سانت لیگۆیەى لە عێراق پەیڕەو دەکرێت بە سانت لیگۆى هەموارکراو ناودەبرێت، واتە ئەو شێوازە نییە کە پێشتر لەسەر ئاستى جیهان کارى پێکراوە.
 
سانت لیگۆ چۆن کار دەکات؟
 
سیستمى سانت لیگۆ لەسەر بنەماى کۆڵکەى هاوبەش، دەنگەکان بەسەر کورسییەکاندا دابەش دەکات بەشێوەیەک کە دەنگى براوەى یەکەمى هەڵبژاردن لەو بازنەیەدا، نرخى ئەو کورسییانە دیاریدەکات کە پێویستن بۆ ئەوەى کورسییەکى پێ مسۆگەر بکرێت.
 
سانت لیگۆ دابەشدەکرێت بەسەر کۆڵکەى هاوبەشی تاک یان جووت، واتە 1.9 یان 1.4 یان هاوژمارەکانى دەبێت، ئەگەر 1.9 بێت کۆڵکە هاوبەشەکانى بەشێوەیەکى تاک دەبن، کە بریتین لە (3،5،7،9..) ئەگەر جووتیش بێت ژمارەکە بەوشێوەیە دەبێت (1.4، 2، 4، 6 ...).
 
ئەو کاریگەرییەى دەنگى براوەى یەکەم هۆکارى ناڕەزایی بەشێک لەو هێز و پەرلەمانتارانەیە، کە وەک سەربەخۆ یان بەدەنگى کەم سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
 
کڕۆکى سیستمەکە بەو شێوەیەیە لە بازنەیەکى هەڵبژاردنى دیاریکراو، کە پێنج کورسی هەبێت و ئەگەر پارتێک 400 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت وەک براوەى یەکەم، لە کورسیی یەکەمەوە دابەشکاریى دەنگەکان بەو رێژەیە دەستپێدەکات، کە یاساکە دیاریکردووە، بۆ نموونە ئەگەر سیستمەکە 1.9 بێت بۆ دیاریکردنى نرخى کورسیی یەکەم، دەنگە بەدەستهاتووەکانى براوەى یەکەم بەسەر ئەو رێژەیەدا دابەش دەکرێت، ئەو دابەشکارییە بەگوێرەى رێژەکانى دیکەى 3، 5، 7.... بەردەوام دەبێت، تاوەکو ژمارەى کورسییەکانى ئەو بازنەیە تەواو دەبێت.
 
ئەگەر بازنەکە پێنج کورسی بێت دابەشکارییەکە بە رێژەکانى 1.9، 3، 5، 7، 9 دەبێت، ئەو دابەشکارییە جگە لە براوەى یەکەم، بۆ لیستەکانى دیکەى بەشداربووى هەڵبژاردن بەهەمانشێوە دەبێت، بە دابەشکردنى بەسەر هەمان رێژە و ژمارەى لیستەکانى دیکەدا، لەکۆتاییدا پێنج زۆرترین دەنگ لەدواى دابەشکردنى بەسەر ئەو رێژانەدا، کورسییەکان بەدەستدەهێنن.
 
بنەماى ناڕەزایی پەرلەمانتارانى سەربەخۆ و پارتە بچووکەکان لە عێراق دژ بەو گۆڕانکاییە لەوەدایە، کە نرخى کورسی بەگوێرەى دەنگى پارتە بەهێزەکان دیاریدەکرێت لە هەڵبژاردندا و بەربژێر و پارتە بچووکەکان چانسى سەرکەوتنیان کەمتر دەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهوو دەردەکات

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەردەکات.