ئەرمینیا کوژرانی سەربازێکی لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەرمینیا، سوپای ئازەربایجان بە کوشتنی سەربازێکی ئەرمەنی لەسەر سنووری نێوانیان تۆمەتبار دەکەن. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە لەسەر هەرێمی قەرەباخ ناکۆکیی کەوتووەتە نێوان هەردوو دراوسێکەی ناوچەی قەوقاس.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی ئاداری 2023، لیژنەی لێکۆڵینەوەی ئەرمینیا رایگەیاند کە سەربازێکیان "بە تووندی برینداربووە کاتێک [رۆژی چوارشەممە] سوپای ئازەربایجان لە ناوچەی ئیراسک" لە باشووری رۆژهەڵاتی سنووری نێوان تەقەیان کردووە. دواتر رایانگەیاند کە سەربازەکەیان گیانی لەدەستداوە.
 
هەردوو وڵاتە دراوسێکە تائێستا دوو جەنگیان لە دژی یەکدی بەرپاکردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 1988 کە شەش ساڵ بەردەوام بوو. دووەمیش لە ساڵی 2020 بوو. هەردوو جارەکەش لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری قەرەباخ بوو. 
 
جەنگەکەی پایزی ساڵی 2020، کە شەش هەفتە بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی شەش هەزار و 500 سەرباز. دواجار بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەست راگەیێندرا. 
 
لەو کاتەوەی لە پاییزی 2020دا بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەستیان راگەیاندووە، چەند جارێک هەردوولا تەقەیان لە یەکدی کردووە. دوایینیان لە 15ـی ئاداردا ئازەربایجان ئەرمینیای بە تەقەکردن بەسەر پێگە سەربازییەکانیدا تۆمەتبار کرد لە قەرەباخ و نزیک سنوورەکەشی. 
 
هەفتەی رابردوو، نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا هۆشداریی لە "پەرەسەرندنێکی زۆر مەترسیدار" لە ناوچەی قەرەباخ دا. ئەرمینیاش هێزە ئاشتیپارێزەکانی رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە شکستی لە پاراستنی ئەو ئەرمینییانە هێناوە، کە لە ناوچە کێشەلەسەرەکە دەژین.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2020، یەریڤان دەستبەرداری ژمارەیەک ناوچە بوو، کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بوو کۆنترۆڵی کردبوون.
 
هێزە جوداخوازە نەتەوەییە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەدوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەتی لە ساڵی 1991 لە ئازەربایجان جیابوونەوە. لەو کاتەوە تائێستا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.