جیهان
ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە لەسەر ئەم هەواڵە دانراوەتەوە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
پێنج کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا، لە کاتی پەڕینەوە لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی ئاداری 2023، بەرپرسانی دادگەی تونس رایانگەیاند، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا چوار بەلەمی کۆچبەران کە کۆچبەری وڵاتانی ئەفریقایان هەڵگرتبوو لە نزیک کەناراوەکانی شاری سەفاقس ژێرئاوکەوتوون لەکاتێکدا هەوڵیانداوە خۆیان بگەیێننە ئیتاڵیا.
فەوزی مەسعودی، دادوەر لە دادگەی تونس دەڵێت، لە ئەنجامدا پێنج کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 33 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوونە و "پاسەوانەکانی چاودێریی کەناراوەکان 84 کۆچبەری دیکەیان رزگارکردووە".
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی کۆچبەران لە رێگەی تونس و دەریای نێوەڕاستەوە، لە وڵاتانی ئەفریقاوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، ئەو وڵاتەی سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر کۆچبەران گرتووەتەبەر.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 17 هەزار و 500 کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە وڵاتەکە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، 12 هەزار کەس لەوانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا لە تونسەوە گەشتیان کردووە. ئەوەش لەکاتێکدا کە ژمارەکە لە هەمان کاتی ساڵی رابردوودا هەزار و 300 کۆچبەر بوو.
مانگی رابردوو، قەیس سعەید، سەرۆکی تونس رایگەیاند، ژمارەی بەرزی کۆچبەران کە لە وڵاتانی ئەفریقاوە روو لە وڵاتەکەی دەکەن "پیلانگێڕییەکە بۆ گۆڕینی دیموگرافیا"ی وڵاتەکەی. هاوکات، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد هەر کۆچبەرێک کە بە نایاسایی لە وڵاتەکەی دەمێنێتەوە، دەربکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تونس، سەروو 21 هەزار کۆچبەری وڵاتانی ناوچەی سەهارا لە وڵاتەکەدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ