رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن نایەوێت لەگەڵ ئێران یان هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بکەوێتە شەڕەوە.
ئەم گوتانەی جۆن کێربی لەکاتێکدان، رۆژی هەینی 24ی شوباتی 2023، پێنتاگۆن لە تۆڵەی هێرشێکی رۆژێکی پێشتری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە نزیک حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، سێ پێگەی گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانی کردە ئامانج و بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، لەو هێرشانەدا لانیکەم 11 کەسیان کوشتوون.
بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان گوت، لە تۆڵەی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەدا هێرشیانکردووەتە سەر ناوچەیەکی دێرەزوور و 6 کەسیان لەوێ کوشتوون؛ دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەک لە مەیادین و لەوێش 2 کەسیان کوشتوون؛ هەر هەمان رۆژ هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی دیکە لە بوکەمال لە نزیک سنووری عێراق و لەویش 3 کەسی دیکەیان کوشتوون، لەگەڵ بەئامانجگرتنی چەندین پێگەی چەکداری گۆڕینەوەی هەواڵ و زانیاری و کۆگای چەک و تەقەمەنی "گرووپەکانی نزیک لە ئێران."
رۆژی 23ی ئاداری 2023، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان خۆی بە بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان تەقاندەوە و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا، هاوکات 5 سەربازی دیکەی ئەمریکی برینداربوون.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، "ئەمریکا بەدوای شەڕدا ناگەڕێت لەگەڵ ئێران"، بەڵام جەختیشی کردەوە کە هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە بەگوتەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا، ژمارەیان 900 سەربازە و بۆ "تێکشاندنی یەکجارەکی داعش" لەوێن و یارمەتی شەڕڤانان دەدەن.
جۆن کێربی گوتی: "چاومان لەوەیە پارێزگاری لە بەرنامەکەمان لە سووریا بکەین، کە ئامانج لێی تێکشاندانی داعشە؛ چاویشمان لەوەیە پارێزگاری لە کەسانی خۆمان بکەین بەرامبەر ئەو گرووپانەی کە سەربە ئێرانن."
جۆن کێربی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر پێگە و سەربازانی ئەمریکا" نایانەوێت ئەمریکا لە عێراق و سووریا بمێنێتەوە. ئەم هێرشانەش دەکەن بۆ ئەوەی تواناکانمان لە راوەدوونانی داعش لە هەردوو وڵاتەکە سنووردار بکەن و گوشارمان بخەنە سەر بۆ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە جێبهێڵین."
جۆن کێربی کە بە سەردانێک لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لە ئۆتاوای کەنەدایە، گوتی، "شتێکی ناسرووشتی نییە کە ئێمە هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی وەک ئەمە دەکەین و ئەوانیش بەدوایەوە هێرشێکی مووشەکی ناکاریگەر دەکەنەوە."
هاوکات مایکل کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا هۆشداریدا کە لەوانەیە پێنتاگۆن هێرشی زیاتریش بکات، "ئەگەر پێویست بکات."
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا گوتی، "بۆ پارێزگاریکردن لە سەربازەکانمان، هەمیشە رێکاری پێویست دەگرینەبەر و لەکات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆماندا وەڵام دەدەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ