گالەری

24-03-2022
26 Photos
بڕوا کیانی @brwakyani

رووداو دیجیتاڵ/ وێنە: AFP

سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ لە برۆکسلن و لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەکەن کە ئەمڕۆ مانگێک بەسەر دەستپێکردنیدا تێدەپەڕێت. سەرۆکی ئۆکرایناش لە گوتارێکدا داوای هاوکاریی بێسنووری لە سەرکردەی ئەو وڵاتانە کرد. 
 
سەرۆکی ئۆکراینا کە لەرێگەی ڤیدیۆوە قسەیکرد، رووی کردە سەرکردەکانی ناتۆ و پێی گوتن، "تەنیا یەک شتم لێتان دەوێت، دوای یەک مانگ لەم شەڕە، ئەوەش ئەوەیە کە تکایە هەرگیز پێمان مەڵێن کە سوپاکەمان ستانداردەکانی ناتۆی تێدا نییە."
 
ئەم کۆبوونەوەیەی ناتۆ وەکو یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە مێژوودا دادەنرێت و جیهان چاوەڕوانی بڕیارەکانی ئەو لووتکەیە دەکات. 
 
جگە لە ناتۆ، هەر یەکە لە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی G7 کۆبوونەوە لەبارەی دۆخی ئۆکراینا و دوایین پێشهاتەکان دەکەن. 
 
چاوەڕوان دەکرێت هەر 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ناتۆ پاڵپشتیی زیاتر بۆ ئۆکراینا رابگەیێنن و هێزی زیاتریش لە ناوچەکانی نزیک ئۆکراینا جێگیر بکەن. ئەو هەنگاوەی ناتۆ بۆ پێشاندانی پاڵپشتی و هاوخەمییە بۆ ئۆکراینا، بەڵام ئەوەش تاوەکو سنوورێکی دیاریکراو. 
 
ناتۆ پێشتر بەروونی رایگەیاندووە کە دەستوەردانی سەربازی ناکەن و ناچنە جەنگەوە دژی رووسیا، ئەوە سەرباری داوای چەندبارەی زیلینسکی بۆ راگەیاندنی ناوچەی نەفڕین لە وڵاتەکە. 
 
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ پێشوازی لە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی دیکە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کرد. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێگەی سەربازی ناتۆ لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دوو هێندە دەکەن و جەختیشیکردەوە کە ناتۆ لە هەموو کاتێک زیاتر یەکگرتووتر و ئامادەترە.

رووسیا رەتیدەکاتەوە نیازی بەکارهێنانی چەکی کیمایی هەبێت و بگرە پرسیارەکە دەخاتە سەر سوپای ئۆکراینا، بەڵام هەریەک لە سکرتێری گشتیی ناتۆ و سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدەدەن کە رووسیا باجی قورستر دەدات چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، شەڕی ئۆکراینا پێدەنێتە مانگی دووەمی، لەگەڵ پێدانی چەک بە ئۆکراینا، رۆژ دوای رۆژ شەڕەکە قورستردەبێتەوە و رووسیاش پێداگرتر دەبێت لە گرتنی تەواوی ئۆکراینا.

ناتۆ چییە؟

رێکخراوی ناتۆ لە ساڵی 1949 لەلایەن 12 وڵاتەوە دامەزرا، بەڵام ئێستا ژمارەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە بۆ 30 وڵات زیادبوون، لەنێویاندا هەندێک وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەن کە پێشتر سیستمەکانیان کۆمۆنیستی بوو. 

ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا لەنێو ئەو وڵاتانە بوون کە سەرەتا هاوپەیمانییەکەیان دامەزراند.

ئامانجی رێکخراوەکە ئەوەیە هەموو ئەندامەکانیان هاوکاریی یەکدی دەکەن لەکاتی هەر هێرشێک بۆسەر یەکێک لە وڵاتەکان. 

لە وەڵامی ئەوەدا، یەکێتیی سۆڤیەت هاوپەیمانییەکی سەربازیی بەناوی وارسۆ دامەزراند، لەدوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991، بەشێک لەو وڵاتانەی لە هاوپەیمانیی وارسۆ بەشداربوون، چوونە نێو هاوپەیمانیی ناتۆوە.  

لە ساڵی 2008، ناتۆ رێگەیەکی پێشکێشی ئۆکراینا کرد بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە رێکخراوەکە، بەڵام رووسیا دژی پێشنیازەکە بوو. یەکێک لە داواکانی رووسیاش پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر کیێڤ و بە ئێستاشەوە ئەوەیە کە نابێت ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ.