رووداو- هەولێر
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، داوایان لە پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیکا کردووە، لیژنەیەک پێکبهێنن و سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و بارودۆخی ناوچەکە لە نزیکەوە ببینن.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبنەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2015 ی پەرلەمانی بەلجیکا و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل بارودۆخی ئێستای کوردستان و چەکدارانی داعش گفتوگایان لەبارەوە کراوە.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند: "ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو زۆربەی پەرلەمانتارەکان پێش ئەوەی پرسیار بکەن، رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی رۆڵی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند، کە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕ دژی چەکدارانی داعش دەکات".
دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی، پەرلەمانتاران بڕیاریاندا لەگەڵ وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لەبارەی ناردنی چەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆ بکەن، هەروەها پارتی دەسەڵاتدار و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی حکومەتی بەلجیکا هاوکاری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بکات بە چەکی قورسیشەوە.
سەبارەت بە داواکارییەکانی شاندە کوردییەکە، ئاژگەیی گوتی: "داوامانکرد بریندارەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کە برینەکانیان قورسە بنێردێن بۆ بەلجیکا و هەروەها نەخۆشخانەیەکی مەیدانیش لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، ئەوانیش پێیان باشبوو، بەڵام گوتیان دەبێت قسە لەگەڵ حکومەتی بەلجیکا بکەین".
لەبارەی ئەوەی بەلجیکا مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، دلاوەر ئاژگەیی باسی لەوەکرد کە گلەییان لە حکومەتی بەلجیکا کردووە لەسەر ئەوەی بەلجیکا بڕیاریداوە گرووپێکی راوێژکاری بنێرێت بۆ عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، پەرلەمانتارانی ئە وڵاتەش پێاین گوتون دەبێت لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت.
بەلجیکا بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییەی کە پێکهێندراوە دژی چەکدارانی داعش و بە هەشت فڕۆکەی جەنگی، چەکدارانی داعش بۆردوومان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ