رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەمسا بڵاویکردەوە، لە دوو رووداوی جیادا پێنج ژن کوژران کە سێیان لە شوێنێکی لەشفرۆشی ڤییەننای پایتەخت بوو.
رۆژی شەممە، 24ی شوباتی 2024، پۆلیسی نەمسا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ئاگادارکرانەوە کە رووداوێکی کوشتن لە یەکێک لە شوێنە لەشفرۆشییەکانی ڤییەننای پایتەخت روویدا کە بەهۆیەوە سێ ژن بە چەقۆ کوژران. هەروەها دەشڵێت، لەو ناوچەی رووداوەکە پیاوێکی تەمەن 27 ساڵ کە چەقۆی پێبووە دەستگیرکرا و گوماندەکرێت ئەو تاوانەکەی کردبێت.
لەبارەی رووداوەکەشەوە ئاژانسی هەواڵی نەمسا بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا گومانلێکراوی رووداوەکە هیچ هۆکارێکی بۆ کوشتنی ئەو ژنانە رانەگەیاندووە.
پۆلیسی نەمسا ئاماژەی بەوەش کرد، هەر دوێنێ تەرمی ژنێک و کچەکەی لە یەکێک لە باڵەخانەی نیشتەجێبوونی ڤییەننا دۆزرانەوە. ئاژانسی هەواڵی نەمساش رایگەیاند، ژن و کچەکەی خنکێنرابوون و هاوژینی ژنەکە گومانلێکراوی سەرەکیی رووداوەکەیە.
بەگوێرەی سەندیکای ژنانی نەمسا، ساڵی رابردوو 26 ژن کوژران. هەروەها، بۆ کەمکردنەوەی کوژرانی ژنان لەو وڵاتە حکومەتی نەمسا چەند رێکارێکی گرتوونەتەبەر؛ لەوانەش هاوکاریکردنی ئەو رێکخراوانەی یارمەتی قوربانیانی تووندوتیژییەکان دەدەن.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2020، 319 ژن لە نەمسا کوژران کە 43یان لە ساڵی 2019 بوون و زۆرینەشیان لەلایەن هاوڕێ کوڕەکانیانەوە یان ئەو کوڕانەوە کوژراون کە پێشتر هاوڕێیان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ