بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنێکی تایبەت بە رێگەگرتن لە کۆچبەران واژۆدەکەن

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی بەریتانیا و ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنێکیان لەبارەی کۆچبەران واژۆ کرد.
 
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا لەمبارەیەوە گوتی "رێکخستنی کار لەنێوان بەریتانیا و فرۆنتێکس بەشێکە لە هەوڵی هاوبەشمان دژی کۆچی نایاسایی و، ئەو کەسە خراپانەی بازرگانی بە ژیانی مرۆڤەوە دەکەن."
 
رێککەوتنەکە، هەنگاوێکی دیکەی حکومەتی بەریتانیایە بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بە وڵاتەکەی.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەردوولا زانیاریی هەواڵگری لەبارەی گرووپە قاچاخچییەکان ئاڵوگۆڕدەکەن، کە کۆچبەران بە نایاسایی دەبەنە بەریتانیا. هەروەها تەکنەلۆژیا و ئامرازی جیاواز بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانیان زیاتر دەکەن؛ لەوانەش درۆنی چاودێریکردن.
 
یلڤا یۆهانسن، کۆمیسیاری کاروباری نێوخۆی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێ "تۆڕێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆڕێکی دیکە پێویستە. بەم رێککەوتنە، دەتوانین کاری زیاتر پێکەوە بکەین، رێگەکانی تایبەت بە قاچاخبردنی کۆچبەران ببینین و ئاگاداریان بین."
 
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، پۆلیسی یەکێتیی ئەوروپا 19 قاچاخچی کورد و عێراقی لە ئەڵمانیا دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارن بە گواستنەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا.
 
بەریتانیا لەژێر گوشارێکی گەورەی کۆچبەراندایە؛ تەنیا لە سێ هەفتەی یەکەمی مانگی رابردوودا 621 کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە ئەو وڵاتە.