خەڵکی چین روو لە کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بچوک دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری لیوژووی باشووری چین، زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان دەبیندرێن، ئۆتۆمبێلی بچووکی کارەبایین.
 
خەڵکی چین روویان لە کڕینی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کردووە و بەگوتەی خۆیان سوودی زۆریان لەو ئۆتۆمبێلانە بینیوە.
 
چاو، هاووڵاتیێکی دانیشتووی شاری لیوژووە و دەڵێ "ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لێخوڕین و بارگاویکردنیان ئاسانە؛ دەتوانی لە هەموو شوێنێک وێستگەی بارگاویکردن بدۆزینەوە و شوێنی پارککردنیش بە ئاسانی دەستدەکەوێت. جگە لەوە نرخیشیان گونجاوە."
 
ئۆتۆمبێلەکە دۆستی ژینگەیە و بە یەکجار بارگاویکردن دەتوانیت 215 کیلۆمەتر ببڕێت.
 
چین، گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێلە بچووکە کارەباییەکانە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بچووک لە شەقامەکانی ئەو وڵاتەدا هەن.
 
خەڵک دەڵێن، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەکارهێنانیان بۆ ژیانی رۆژانە ئاسانترە و بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە خەرجیشیان کەمترە.
 
شیۆنگ، هاووڵاتیێکی دیکەی چینی دەڵێ "راستییەکەی من و زۆربەی خەڵک لەبەر نرخەکەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەڵدەبژێرین. ئێمە ناتوانین بەو مووچەیەی هەمانە و بەو نرخە زۆرە، سووتەمەنی بکڕین، لەبەرئەوە ئێمە هەموومان ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەڵدەبژێرین."
 
چین، دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەکو پیشەسازییەکی گرنگ و گەشەسەندوو دەبینێت و پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو پیشەسازییە زیاتر کردووە، پلانیشی هەیە تاوەکو ساڵی 2035 هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا دەفرۆشرێن، بە وزەی کارەبا و وزەی نوێ کاربکەن.