وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان

24-02-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا راپۆرتێکیدا باسی خراپی دۆخی ئەمنیی سووریا دەکات و هۆشداری دەدات لە گەڕاندنەوەی کۆچبەر و پەناخوازانی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان. دەشڵێت، کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکان، لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە تۆمەتی ناپاکی ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن. 
 
لەوبارەیەوە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا، زانیاریی زیاتر لەبارەی نێوەڕۆکی راپۆرتەکە بڵاوکردەوە و گوتی، "راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە بووە، کە ژمارەیەک پەناخواز و کۆچبەری سووریایی هەن سزا دراون و بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا دەکرێ دیپۆرتیان بکەنەوە، بەڵام بەر لە دیپۆرتکردنەوەیان، زانیاری لە وەزارەتی دەرەوە ویستووە بۆ دڵنیابوونەوە لە چارەنووسیان و هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئەمنی سووریا." 
 
پەیامنێری رووداو، باسی لەوەشکرد کە لە راپۆرتەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، "لە هیچ ناوچەیەکی سووریا رەوشی ئەمنی ئارام و سەلامەت نییە و مەترسییەکان هێشتا ماون و لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی هەر پەناخواز و کۆچبەرێکی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان، ئەگەری زۆر لەلایەن حکومەتی دیمەشق ئازار و ئەشکەنجە بدرێن." 
 
پێشبینی دەکرێت، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ پرسی دیپۆرتکردنەوەی پەناخواز و کۆچبەرە سوورییەکان ئەوانەی بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا سزادراون، بۆ وڵاتی سێیەم دیپۆرت بکرێنەوە و رەنگە دیپۆرتی ئوردن، لوبنان و تورکیا بکرێنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی زنار شینۆ، "لە ساڵی 2023دا ئەڵمانیا 829 کۆچبەری سووریایی دیپۆرتی ئەم سێ وڵاتە کردووە."
 
بەهۆی ئەوەی ئەڵمانیا لە 2011 تاوەکو ئێستا باڵیۆزخانەی لە دیمەشق داخستووە. راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی بە پشت بەستن بە زانیاریی وردی راپۆرتی بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکان بووە و لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کردووە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، هەرێمە فیدراڵییەکان دەسەڵاتی تایبەتی خۆیان هەیە و بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە دەدەن. بەشێک لەم هەرێمانە، متمانەیان بە هەڵسەنگاندن و زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوە هەیە و دەستبەرداری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەر و پەناخوازە سزادراوەکان دەدەن و بەشێکی دیکەشیان رەنگە هەڵسەنگاندنی خۆیان هەبێت و جیاواز بڕیار بدەن و سووربن لە دیپۆرتکردنەوەیان. 
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، پار تەنیا 73 کۆچبەری سووریایی بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسی بەشێک لە گەڕاوەکان بەردەست نییە. لەسەر ئەم بنەمایەش لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو کەسانەی بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا، حکومەتی دیمەشق بە "کەسانی ناپاک" دەیانناسێنن و مەترسی لێپێچینەوەی یاسایی و گرتنیان هەیە. 
 
لە بەشی کۆتایی راپۆرتەکەدا ئەو زانیارییانەش خراونەتەڕوو کە لە 2011ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێنن و مەترسی ئەوەشیان لەسەرە ئەگەر کۆچبەری سووریا دیپۆرت بکرێنەوە رەنگە ئەوانیش بێسەروشوێن بکرێن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەنتەرێکی تۆمارکردنی کۆچبەران لە ئەڵمانیا.

دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگە بە حکومەتی فیدراڵی دەدات کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە

دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگەی بە حکومەتی فیدراڵی دا لەمەودوا کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە. بڕیارەکەی دادگە لەسەر سکاڵای دوو کۆچبەر بوو کە داوایان دەکرد نەیاننێرنەوە یۆنان. رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی کۆچبەران لە بڕیارەکە نیگەرانن.